Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا نەخشە ڕێگایەکی ڕووسیا بۆ چارەسەری قەیرانی وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوە


کەسایەتیـیەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕەشنووسی نەخشە ڕێگایەکی ڕووسیایان ڕەتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان کەوا زیاتر لە چوار سـاڵ و نیوە درێژەی کێشاوە، دەڵێن ئامانجی مۆسکۆ لەمە هێشتنەوەی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات و پـشـتگوێخستنی دەنگەکانی ئۆپـۆزسیۆنە.

مونزر ئقبیق ئەندامی هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا گوتی "خەڵکی سوریا هەرگیز دکتاتۆریەتی ئەسەد قبوڵ ناکات و ڕازیش نابێت بە شێوەیەکی دیکە بیهێنـنەوە."

پاشان گوتی ڕووسەکان ئێستا هەوڵ دەدەن هەمان ئەو گەمەیە بکەن کە لەوەتای وتووێژەکانی ژنێڤەوە دەستیان پـێکردووە.

لە لایەکی دیکە هادی ئەلبەحرە ئەندامی کۆمیتەی سیاسی لە هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەویش بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت کێشەی سەرەکی ئەسەدە، بۆیە هەر پـرۆسەیەکی سیاسی پـێشنیار بکرێت دەبێت بەڵێن و گەرەنتی لەگەڵدا بێت.

پاشان سازکردنی هەڵبژاردنی ڕەتکردەوە کە لە ژێر چاودێری ڕژێمی ئەسەد ئەنجام بدرێت و گوتی چۆن دەکرێت ئەوە هەڵبژاردنێـکی بێ فرتوفێڵ بێت و خەڵکی لە ناو سوریا لە ژێر مەترسی داپـڵۆسینی هێزەکانی ڕژێمدا بن.

هەروەها میشێل کیلۆ ئەندامی هاوبەندیی ئۆپـۆزسیۆن هەمان بۆچوونی هەبوو و گوتی ئامانجی ڕاستەقینەی مۆسکۆ هێشتنەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەیەتی لە ڕێگەی هەڵبژاردنێـکی نانەزیهانە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە دژی هەڵبژاردن نیـین، بەڵام نەک ناچاریان بکەن سەرۆکێـکی تاوانکار قبوڵ بکەن کە وڵاتەکەی وێرانکردووە. گوتیشی هەر پـلانێـک دابنرێت دەبێت خەڵکی سوریا لەسەری قایل بێت و لە دەرەوە بەسەریدا نەسەپـێنرێت.

بەپـێی ڕەشنووسی نەخشە ڕێگاکە کە ڕۆیتەزر کۆپـیەکی دەسـتکەوتووە، دەبێت حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لەسەری قایل بن کە 18 مانگی پـێویستە و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام بدرێت. نەخشەکە بەشار ئەسەد لە هەڵبژاردنەکان دور ناخاتەوە، ئەمەش لە لایەن ئۆپـۆزسیۆنەوە جێی قبوڵ نیـیە.

XS
SM
MD
LG