Accessibility links

فەرماندەی گروپێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت فڕۆکە ڕووسیایـیەکان عەمبارەکانی چەکی وێرانکردوون


فەرماندەی گروپـێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە لە لایەن ئەمەریکاوە مەشقی پـێـکراوە، دەڵێت هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا عەمبارە سەرەکیـیەکانی چەکی گروپەکەی وێرانکردووە.

حەسەن حاجی عەلی فەرماندەی لیوای سقوڕ ئەلجەبەل ڕۆژی چوارشەممە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی شەوی سێشەممە لە پارێزگای حەلەب فڕۆکەکانی ڕووسیا لە عەمبارە سەرەکیـیەکانی چەکی داون و بە تەواوی وێرانیکردوون.

لیوا سقوڕ ئەلجەبەل یەکێـکە لەو گروپانەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە لە لایەن ئەمەریکاوە بە میانڕەو ناودێردەکرێت.

بەپـێی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە میانەی بەرنامەیەکی نهێنی CIA لە عەرەبسـتانی سعودیـیە مەشق و ڕاهێنان بەم گروپە کراوە، ئەمەش جیاوازە لە ئەرکەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنی چەک بۆ ژمارەیەک لە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بە مەبەستی شەڕی دژی داعش.

جێی ئاماژەیە لیوا سقوڕ ئەلجەبەل لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری سوریا چالاکن کە داعشی لێ نیـیە و لە ئێسـتادا بووەتە یەکێـک لەو شوێنە سەرەکیـیانەی فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆردومانی دەکەن.

XS
SM
MD
LG