وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە بە جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای گوتووە کە دەبێت ڕێوشوێنی پـێویست بگیرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی بۆ توندڕەوان لە سوریا لە ڕێگەی تورکیاوە.
وەزارەتەکە گوتی ئەمڕۆ دووشەممە هەردوو گەورە دیپـلۆمات لە میانەی پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە قەیرانی سوریا کردووە و لاڤرۆڤ ئەم داوایەی کردووە. هەروەها هەردوولایان جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی سوریا و هەموو لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن کردووەتەوە.
پاشان بەیانـنامەیەکی هاوبەشی ئەمەریکا و ڕووسیا دەرچوو و تیایدا جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە ڕاگرتنی شەڕ لە سوریا کردووەتەوە و هەروەها هەوڵەکانیان چڕتربکەنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێـکی سیاسی بۆ شەڕەکە. پاشان هەردوو وڵات کاربکەن بۆ قایلکردنی لایەنە بەشەڕهاتووەکان لە سوریا لەوەی پابەندی ئاگربەستەکە بن.