Accessibility links

ڕووسیا بڕیار دەدات سیستەمی بەرگری ئاسمانی پـێشکەوتوو بە حکومەتی سوریا بدات


ڕووسیا بڕیاری داوە سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری S-300 بە حکومەتی سوریا بدات، ئەمەش پاش ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو کە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە فڕۆکەیەکی ڕووسیایی بە هەڵە خرایە خوارەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سانای حکومەتی سوریا دەڵێت ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی وڵاتەکەیان ئەنجامداوە و تیایدا ئیسرائیلی بە بەرپـرسیار داناوە لە خستنی فڕۆکە ڕووسیایـیەکە. پاشان بە ئەسەدی گوتووە وڵاتەکەی پەرە بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا دەدات و سیستەمی بەرگری جۆری S-300 ی دەدەنێ.

لە لایەکی دیکە سێرگێی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی لەسەر فەرمانی پـوتن وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕێوشوێنی پـێویست دەگرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی هێزی بەرگری ئاسمانی سوریا، لەوانە لە ماوەی 2 هەفتە سیستەمی بەرگری S-300 بە سوریا دەدات. گوتی ئەم سیستەمە دەتوانێت لە دووری 250 کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپـێکێت.

باسی لەوەش کرد لەسەر داوای ئیسرائیل لە ساڵی 2013 ئەم جۆرە سیستەمەیان بە سوریا نەدابوو، بەڵام ئێستا ڕایان گۆڕیوە. گوتیشی کۆنترۆڵی تەواوی سیستەمەکە بە سوریا دەدرێت، بۆیە دیمەشق خۆی دەتوانێت ئامانجەکانی دەستنیشان بکات.

هەروەها گوتی لە ناوچەی سەر دەریای ناوەڕاست لە نزیک سنوورەکانی سوریا هەموو ڕادار و ئامێرەکانی پەیوەندی ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر خاکی سوریا لە کار دەخرێن.

جێی ئاماژەیە لە 17 ی ئەم مانگە لەو کاتەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند شوێنێکیان لە ناو خاکی سوریا بۆردومان دەکرد، موشەکێکی بەرگری ئاسمانی سوریا بە هەڵە لە فڕۆکەیەکی ڕووسیای دا و کەوتە ناو ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە و لە ئاکامدا 15 سەربازی ڕووسیایی کوژران. ئیسرائیل لای خۆیەوە ڕەتیدەکاتەوە فڕۆکەکانی هۆکاری خستنی فڕۆکە ڕووسیایـیەکە بووبن، دەڵێت بەپـێی ئەو میکانیزمەی لەگەڵ ڕووسیا هەیانە، بەر لە بۆردومانەکە ڕووسیا ئاگادارکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG