Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت بۆ ماوەیەک هێرشە ئاسمانیـیەکانی بۆ سەر بەرەی نوسرە ڕادەگرێت


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێرشە ئاسمانیـیەکانی بۆ سەر بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە لە سوریا بۆ ماوەیەک ڕادەگرێت هەتا بوار بە کۆمەڵە چەکدارەکانی دیکەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بدات لە شوێنەکانی بەرەی نوسرە دوربکەونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ، جەنەڕاڵ ئیگۆر کۆناشینکۆڤ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی ئەم بڕیارەیان داوە پاش ئەوەی ناوەندەکەیان لە بنکەی ئاسمانی حمێمیم لە سوریا نزیکەی 10 داواکاریـیان لە لایەن سەرکردایەتی چەند کۆمەڵێـکی چەکداری ئۆپـۆزسیۆن پـێگەیشتبوو کە تیایاندا داوایانکردووە هێرشی ئاسمانی لە ناوچەکانیان ئەنجام نەدرێن هەتا خۆیان لە شوێنەکانی بەرەی نوسرە دوردەخەنەوە.

گوتیشی کۆمەڵەکان کە زۆربەیان لە هەردوو پارێزگای حەلەب و دیمەشقن، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە شوێنەکانیان بۆ ڕووسیا ئاشکرابکەن تاوەکو لە بەرەی نوسرە جیابکرێنەوە.

گروپی وڵاتانی پشـتیوانی لە سوریا هەفتەی ڕابردوو لە بەیانـنامەیەکدا داوایان لە کۆمەڵەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کرد خۆیان لە داعش و نوسرە دوربخەنەوە لە ڕووی ئایدیۆلۆجی و جوگرافیـیەوە. ڕووسیاش هەینی ڕابردوو هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە مۆڵەتی بۆ کۆمەڵەکانی ئۆپـۆزسیۆن دابوو خۆیان لە شوێنەکانی بەرەی نوسرە دوربخەنەوە و جەخی لەوەش کردبوو کە دوای ئەو وادەیە لە شوێنەکانی بەرەی نوسرە دەدات، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە لەو بڕیارەی پاشگەزبووەوە.

XS
SM
MD
LG