Accessibility links

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی ڕووسیا 21 کەسی سیڤیل لە سوریا دەکوژرێن

  • VOA News

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکە جەنگیـیەکانی ڕووسیا بۆردومانی شارۆچکەیەکی پارێزگای دێرزوریان کردووە و لە ئاکامدا 21 کەسی سیڤیل کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند شارۆچکەی ئەلجرێزی ژێر دەستی داعش کە دەکەوتێتە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بۆردومانکراوە و لە ئاکامدا ماڵی خەڵکی پـێوەبووە و ئەو قوربانیـیانەی لێکەوتووەتەوە. گوتیشی 9 منداڵ و 4 ژن لە نێو کوژراوەکاندان.

ماوەی چەند مانگێـکە ناوچەکانی پارێزگای دێرزور، ئەوانەی لە ژێر دەسـتی داعشدان، کەوتوونەتە بەر دوو ئۆپەراسیۆنی لەشکری جوداوە، یەکێکیان ئەوەی لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هاوپەیمانێتی نێودەوەڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و ئەوی دیکەیان لە لایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە و بە پاڵپشتی ڕووسیا ئەنجامدەدرێت.

بەڵام ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا گوتی فڕۆکەکانی بۆردومانی داعشیان کردووە لە دێرزور بە مەبەستی پاڵپشتی لە هێزە کوردیـیەکان.

بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ هێشتا 8% ی پارێزگای دێرزور لە ژێر دەستی داعش ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG