Accessibility links

ڕووسیا هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش ڕادەگرێت


ڕۆژی شەممە ڕووسیا ڕێکەوتنێکی هەڵوەشانەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگری تێدا کرد بوو بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە لە دەریای ڕەش، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا وتی ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکی گەورەی کردۆتە سەر کەشتیگەلی ڕووسیا لە نیمچە دوورگەی کرایمیا. ئەمەش زیان بە هەوڵەکان دەگەیەنێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ئۆکرانیا لە نزیک سیڤاستۆپۆل لە نیمچە دوورگەی کرایمیا هێرشی کردۆتە سەر کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای ڕەش، هێرشەکەش لە ڕێی 16 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە و " شارەزایانی هێزی دەریایی بەڕیتانیا لە هێرشە تیرۆریستییەکەدا " یارمەتی ئۆکرانیایان داوە.

ڕووسیا وتی بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە، تەنها زیانێکی کەم بە بۆمبڕێژکەرەکەی گەیشتووە، وتیشی ئەو کەشتیانەی کە کراونەتە ئامانج یارمەتیدەر بوون لە دڵنیا بوونەوە لە پارێزراوی ڕێڕەوی هەناردەکردنی گەنم لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بۆ دەرەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕووسیا بەشداری خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە هەڵدەوەشێنێتەوە."

ڕووسیا وتی ئەم هەنگاوەی کە گرتوویەتییەبەر بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و بەشداریکردنی شارەزایانی هێزی دەریایی بەڕیتانیاوە بووە. هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکەش هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرە گرنگەکانییەوە لە دەریای ڕەش ڕادەگرێت.

بەڕیتانیا ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماک ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دروستکردنی " هێرشی تیرۆریستی خەیاڵی بۆ سەر دامەزراوەکانی خۆی." هاوکات وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی مۆسکۆ " پاساوێکی ناڕاست " بەکاردەهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانییەوە لە دەریای ڕەش.

کوڵێبا وتی " داوا لە وڵاتان دەکەم داوا لە ڕووسیا بکەن یارییە برسێتییەکانی ڕابگرێت و دووبارە پابەندی بەرپرسیارێتییەکانی ببێتەوە."

ڕێکەوتنەکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگری تیادا کردووە زۆر گرنگە بۆ بازاڕەکانی خۆراک لە جیهاندا، ڕێکەوتنەکە ڕێگە دەدات بە هەناردەکردنی گەنم لە ئۆکرانیاوە کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکاری گەنم لە جیهاندا، کە پێشتر بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ڕاگیرابوو.

جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دمیتری پۆڵیانسکی وتی ڕووسیا بە فەڕمی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا ئاگادار دەکاتەوە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا لە گفتوگۆدایە لەو بارەیەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دوابەدوای هێرشەکان بۆ سەر کەشتیگەلی ڕووسیا وتی " ڕووسیا ناتوانێت گرەنتی پارێزراوی ئەو کەشتیە بارهەڵگرە مەدەنییانە بدات کە بەشداری لە " دەستپێشخەرییەکەی دەریای ڕەشدا " دەکەن و لەمڕۆوە تاوەکو کاتێکی دیارینەکراو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG