وەزارەتی بەرگری ڕوسیا وتی شەش بۆمبهاوێژی مەودا دوور ئامانجەکانی ڕێکخراوی داعشیان پێکاوە لە نزیک شارۆچکەی بوکەمال لە پارێزگای دەیر ئەلزوری سوریا.
وتیشی بۆمبهاوێژەکان لە جۆری تۆبۆلیڤ22 ئێم بوون لە ڕوسیاوە بەسەر ئێران و عێراقدا فڕیون و ئامانجەکانیان لە سوریا پێکاوە.
وتیشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان موڵگە و شوێنی کۆبوونەوەکان و ئوتومبێلە زریپۆشەکان و ئەرکە چاودێرییەکان و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی داعشیان کردۆتە ئامانج و دڵنیا بوونەتەوە لەوەی هەموو ئامانجەکانیان پێکاوە.
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا لە جۆری سوخۆی ئێس-30 کە لە بنکەی ئاسمانی حمێمیم لە سوریا جێگیرکراون یاوەری بۆمبهاوێژەکانیان لە ئاسمانی سوریادا کردووە.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا وتیشی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا هەوڵیداوە بەربەست بخاتە بەردەم هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بۆ سەر ڕێکخراوی داعش لە دەوروبەری ئەلبوکمال.
لەلای خۆشیەوە وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کۆلۆنێڵ ڕایان دیلن بەیاننامەکەی ڕوسیای ڕەت کردەوە و وتی دوورە لە ڕاستییەوە سەبارەت بەوەی کە گوایە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا هەوڵیدابێت بەربەست بخاتە بەردەم هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز