Accessibility links

ڕووسیا دوایین پردی پەڕینەوە بۆ سیێڤیێرۆدۆنێتسک لەناودەبات


فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا دوایین پردییان لە سیێڤیێرۆدۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەناوبرد، بەم کارەشیان ڕێگەیان لەو هاوڵاتیە مەدەنیانە گرت کە هێشتا لە شارەکەدا ماونەتەوە و چیتر مەحاڵە یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە شارەکە.

گایدای وتی هێشتا هێزە سەربازییەکان ئۆکرانیا بەشێوەیەکی سنووردار دەتوانن بگەن بە شارەکە، شارەکە بووەتە گۆڕەپانی جەنگەکە بۆ ئۆکرانیا لەکاتێکدا هەوڵ دەدات پێشڕەوییەکانی ڕووسیا بەرەو دڵی هەرێمی دۆنباسی پیشەسازی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕابگرێت.

گایدای وتی " ئێستا بەداخەوە بەتەواوەتی مەحاڵە بە ئوتومبێل بچیتە شارەکەوە، شتێک بگەیەنیتە شارەکە. گواستنەوەی هاوڵاتیان لە شارەکەدا مەحاڵە."

وتیشی ڕووسیا بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی شارەکەی نەکردووە و " بەشێکی " هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئۆکرانیادایە، بەڵام چیتر ناتوانرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێن بە شارەکە.

گایدای بە ڕادیۆی ئەوروپا/ ڕادیۆی ئازادی ئۆکرانیای وت سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا لە سەدا 70 ی شارەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە، ڕەوشەکە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا لە شارەکەدا " سەختە بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵدایە."

وتی " هێشتا دەتوانن بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن، لەبەرئەوە هێشتا دەستڕاگەیشتن بە شارەکە هەیە."

وتیشی " قورسە چەک یاخود یەدەگەکان بنێریت، قورسە، بەڵام مەحاڵ نیە."

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە ژێرزەمینەکانی وێستگەی کیمیایی ئازۆتی شارەکەدا خۆیان حەشارداوە و وەکو پەناگە بەکاریدەهێنن.

گایدای وتی ڕەوشەکە بۆ ئەو هەزاران هاوڵاتیە مەدەنییەی کە هێشتا لە شارەکەدا ماونەتەوە " زۆر سەختە "، چونکە جەنگەکە بووەتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانەکانی گاز و ئاو و کارەبا، گەیشتنی دەرمانەکانیش بەتەواوەتی تێکچووە.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج و کارەکانی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە. ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش دەڵێن ئەمە تەنها پاساوێکی بێ بنەمایە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.

جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و مەترسی هەڵگیرسانی جەنگیشی لە ئەوروپا دروست کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG