Accessibility links

ڕووسیا بۆردومانکردنی هەرێمەکانی دەرەوەی دۆنباسی ئۆکرانیا زیاتر دەکات


بەرپرسانی هەرێمەکانی زاپۆریژا و سومی دەڵێن ڕووسیا بۆردومانکردنی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای دەرەوەی هێڵەکانی پێشەوەی ناوچەی پیشەسازی دۆنباسی زیاتر کردووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێرشێکی ئەمدواییانەی یەکەکانی سوپای وڵاتەکەی بەرەوپێشەوە بردووە لە بەرەکانی زاپۆریژا، سوپای ئۆکرانیاش دەڵێت ڕووسیا زیادەڕۆیی دەکات لەو بانگەشەیەیدا.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکان لەسەر هەواڵەکانی گۆڕەپانی جەنگەکە پشتڕاست بکاتەوە.

دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی هەشتەوە ئۆکرانیا هێرشە پێچەوانە توندەکانی دەستپێکرد، شەڕەکە زیاتر سەنگی خستۆتە سەر هەرێمی دۆنباس، کە هەریەک لە هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لە خۆدەگرێت، بەشێکی ئەو هەرێمەش لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

دوای ئەوەی لە 24 ی مانگی دوودا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، ڕووسیا هێرشی کردۆتە سەر بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش، بەڵام شکستی هێناوە لە گرتنیاندا. زیادبوونی بۆردومانەکانیش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسانی دیکەی ئۆکرانیا وتیان مۆسکۆ ڕەنگە هەوڵی هێرشێکی نوێ بدات لە مانگەکانی داهاتوودا.

فەرمانڕەوای هەرێمی زاپۆریژای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر ستاروخ وتی " لە هەوڵیاندا بۆ خوێندنەوەی بەرگرییەکانمان، دوژمن تەقەی تۆپهاوێژەکانی چالاک کردووە."

وتی ڕووسیا لە ماوەی ڕۆژەکەدا 166 جار بۆردومانی هەرێمەکەی کردووە، 133 هێرشییان ناوچەکانی دانیشتوانی کردۆتە ئامانج و هاوڵاتییەکی مەدەنیش کوژراوە. ڕووسیا دەڵێت هاوڵاتیانی مەدەنی نەکردۆتە ئامانج.

وتەبێژێکی سەربازی زاپۆریژا یەڤیهین یەرین لە وەڵامی بانگەشەکانی ڕووسیادا بە کەناڵی سوپیلنی ئۆکرانیای وت " لە ئێستادا هیچ شتێکی نەگرتووە. سەرجەم هەوڵەکانیان بەرپەرچدراونەتەوە و دوژمن زیانی بەرکەوتووە."

ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا وتی ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی لە زاپۆریژا و بە شێوەیەکی بەرچاو ئاسمان بەکاردەهێنێت. وتیشی 25 نیشتەجێ لە ناوچەکەدا بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە زیانییان بەرکەوتووە.

دمیترۆ ژیڤیتسکی فەرمانڕەوای هەرێمی سومی کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و سنووری بە ڕووسیاوە وتی هێزەکانی ڕووسیا 115 هێرشی ئاسمانییان دژی هەرێمی سومی ئەنجامداوە.

وتی هاوڵاتییەکی تەمەن 17 ساڵ بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بووە و چەندین خانوو و ژێرخان و بیناش لە ناوچوون.

شیکەرەوەیەکی سەربازیی لە کیێڤ، ئۆلی ژادانۆڤ وتی زیادبوونی هێرشەکانی ڕووسیا لە سومی " تاقیکردنەوەیەک " بوون لەلایەن ڕووسیاوە. وتی " ئەمە یەکەم هەوڵییان نیە." ئاماژەشی بەوەدا هێرشەکانی ڕووسیا بەرپەرچدراونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG