Accessibility links

نوێنەری ڕوسیا لە ئیسڕائیل: ناتوانین ئێرانییەکان ناچار بکەین سوریا بەجێ بهێڵن


نوێنەری ڕوسیا لە تەل ئەڤیڤ وتی مۆسکۆ ناتوانێت هێزەکانی ئێران ناچار بکات سوریا بەجێ بهێڵن، بەمەش ڕوسیا داواکەی ئیسڕائیلی ڕەت کردەوە کە داوای لە حکومەتی ڕوسیا کردبوو کار بکات بۆ ئەوەی ئێران بەتەواوەتی لە سوریادا بکشێتەوە.

نوێنەری ڕوسیا لە ئیسڕائیل ئەناتۆڵی ڤیکتۆرۆڤ وتی مۆسکۆ ناشتوانێت ڕێگە لە ئیسڕائیل بگرێت هێرشی ئاسمانی نەکاتە سەر هێزەکانی ئێران لە سوریادا کە لەگەڵ ڕوسیا و هۆزە لوبنانییەکاندا کە تاران پشتیوانیان لێدەکات پشتیوانی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکەن دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.

دوای ئەوەی خەریکە هێزەکانی حکومەتی سوریا بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی باشووری ڕۆژئاوای سوریا دەکەنەوە کە سنووری بە بەرزاییەکانی گۆلانەوەیە، نوێنەری ڕوسیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئیسڕائیلدا وتی تەنها دەبێت هێزەکانی سوریا لەو ناوچەیەدا بوونیان هەبێت.

هەروەها ئەناتۆڵی بەرگری لە بوونی ئێران کرد لە سوریادا و وتی " ئەوان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینن لە هەوڵە هاوبەشەکانماندا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لە سوریادا. لەبەر ئەو هۆکارە و لەم ماوەیەدا، پێمان وایە داوای دەرکردنی هەر هێزێکی بیانی لە سەرتاسەری سوریادا واقعی نیە."

وتیشی " دەتوانین بە کراوەیی و ڕاستگۆیانە قسە لەگەڵ هاوبەشە ئێرانییەکانماندا بکەین و هەوڵ بدەین ڕازییان بکەین کارێک بکەن یاخوود نەیکەن." بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ڕوسیا دەتوانێت ئێران ناچار بکات لە سوریا بێتە دەرەوە یان نا، ئەناتۆڵی وتی " ناتوانین."

سەرەڕای هەڵوێستە بێلایەنییەکەی لە شەڕی حەوت ساڵەی سوریادا، هێزەکانی ئیسڕائیل دەیان هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر ئەو شوێنانەی کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت شوێنی گواستنەوەی چەکی ئێرانی بن بۆ حیزبوڵای لوبنان لە سوریادا.

ئەناتۆڵی ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسڕائیل گرت بۆ سەر سوریا و وتی " ناتوانین بە ئیسڕائیل بڵێین ئەوە بکە و ئەوە مەکە، بۆ ڕوسیا نەهاتووە بە ئیسڕائیل بڵێ ئەم شتە مەکە یاخوود ئەوە بکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG