ڕووسیا دەڵێت ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا تێوەگلاوە چونکە سیخوڕەکانی ئەمەریکا هێرشە موشەکییەکانی ئۆکرانیایان بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا ڕێکخستووە و پەسەندییان کردوون.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی جێگری سەرۆکی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا ڤادیم سکیبیتسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تێلیگرافدا دانی بەوەداناوە کە ئەمەریکا هێرشەکانی سیستمی موشەکی هیمارسی بۆ ئۆکرانیا ڕێکخستووە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی " هەموو ئەمانە بەبێ هیچ گومانێک ئەوە دەسەلمێنن کە واشتن بە پێچەوانەی ئەو قسانەوە کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و کۆشکی سپی دەیکەن، ڕاستەوخۆ لە ململانێکانی ناو ئۆکرانیادا تێوەگلاوە."
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گوتوویەتی کە دەیەوێت ئۆکرانیا شکست بە ڕووسیا بهێنێت و بە بە بڕی ملیاران دۆلار چەکی داوە بە کیێڤ، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی نێوان سەربازانی ڕووسیا و ئەمەریکایان ناوێت.
ڕووسیا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بەرپرسە لە هێرشە موشەکییەکەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەکانی دانیشتوانی ئەو شوێنانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سەر بە ڕووسیادان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند " ئەوە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنە کە ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە هێرشە موشەکییە پەسەندکراوەکانی کیێڤ بۆ سەر ناوچەکانی دانیشتوانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی لە ناوچە قەرەباڵغەکانی دۆنباس و هەرێمەکانی دیکەدا، کە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی."
ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆچوونێکی زۆر جیاوازییان هەیە سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی ڕێگریکردنە " لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ بەکارهێنانی ئۆکرانیا بۆ هەڕەشەکردن لە ڕووسیا و پاراستنی ئەو هاوڵاتیە ئۆکرانییانەی کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن و لەلایەن نەتەوە پەرستەکانی ئۆکرانیاوە سەرکوت دەکرێن."
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بەشێوەیەکی بەرچاو ململانێکان وەکو شەڕێکی بوون و نەبوون لەگەڵ ڕۆژئاوادا سەیر دەکات.
کیێڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن بانگەشەکانی پوتن بێ بنەمان و هیچ بیانوویەک نیە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی بێ هۆکار دژی وڵاتێکی خاوەن سەروەر کە ڕووسیا خۆی دانیناوە بە سنوورەکانیدا.
وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ کە هاوپەیمانێکی زۆر نزیکی پوتنە، وتی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ڕووسیا و ئەو هێزانەشی کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچن و هێزەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دووردەخەنەوە.
شویگۆ بە جەنەڕاڵە باڵاکانی ڕووسیای گوت " دوای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی کۆماری گەلی لوهانسک، کۆماری گەلی دۆنێتسک بەپێی پلانەکان ئازاد دەکرێت."
گوتیشی نیشتەجێیەکانی هریهۆریڤکا و بێریستۆڤ و ستریپیڤکا و پۆکرۆڤسک و سیمیهیریا و نۆڤۆلوهانسکە لەمدواییەندا گیراون، بە گەورەترین وێستگەی هێزی گەرمیشەوە لە ئەوروپا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز