ڕووسیا ڕایگەیاند مۆسکۆ کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بەدوور نەزانیوە، بەڵام هەر جۆرە گفتوگۆیەکی لەوشێوەیە دەبێت پێشتر ئامادەکاری بۆ بکرێت.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر کارەکان لەسەر ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا وەستاون و تاوەکو ئێستا دەستیان پێنەکردۆتەوە.
پێسکۆڤ وتی خەڵکەکانی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراون، خێرسۆن و زاپۆریژا و دۆنباس، دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن و کرێملنیش هیچ گومانێکی لەوەدا نیە کە خەڵکەکە " باشترین بڕیار " دەدەن.
ئۆکرانیا لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا بوو لەخۆگرتنی هەرێمەکانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز