Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت ئەوروپا بەرپرسە لەو قەیرانی گازەی کە دروست بووە


ڕۆژی دووشەممە مۆسکۆ ئەوروپای بە بەرپرس دانا لە دروستبوونی خراپترین قەیرانی گاز و هۆشداریدایە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لەسەر ئەوەی مۆسکۆ تۆڵەیان لێدەکاتەوە لەسەر پلانەکانیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی جەنگێکی ئابوورییان دژی ڕووسیا هەڵگیرساندووە و توندترین سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، لە ئەنجامی ئەوەدا ڕووبەڕووی قەیرانی وزە دەبنەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، وڵاتانی ئەوروپا بەڵێنیانداوە پشت بەستنیان بە وزەی ڕووسیا کەم بکەنەوە، هاوکات ڕووسیا هەناردەکردنی گازی لەڕێی سێ بۆری گەورەوە ڕاگرتووە یاخود کەمی کردوونەتەوە و نەوتەکەشی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵات دەکات وەک لە ڕۆژئاوا.
کۆمپانیای زەبەلاحی گازپڕۆمی ڕووسیا ڕۆژی هەینی گوتی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 1 کە گەورەترین بۆری گواستنەوەی گازە بۆ ئەوروپا، بە داخراوەیی دەمێنێتەوە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ دزەکردنی ڕۆنی بزوێنەری یەکێک لە وێستگەکانی تۆرباینەکەدا، ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی گاز لە ئەوروپادا.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " کێشەی دابینکردنی گاز بەهۆی ئەو سزایانەوە دروست بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەپاندییان بەسەر وڵاتەکەماندا، بە بەڕیتانیا و ئەڵمانیاشەوە."

گوتیشی " هەوڵی بەردەوام دەبینین بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی و لۆمەکردنەکە بخەنە سەر ئێمە. ئێمە ئەمە ڕەت دەکەینەوە و جەخت لەوە دەکەینەوە لەم حاڵەتەدا ڕۆژئاوا بە کۆمەڵ: یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا و بەڕیتانیا، بەرپرسن لەوەی کە بارودۆخەکە گەیشتە ئەمەی کە ئێستا هەیە."

کرێملن دەڵێت سزاکان تواناکانی سیمینز ئینێرجییان تێکداوە بۆ یارمەتیدان لە چاککردنەوەی دزەکردنی ڕۆنی بزوێنەرەکەدا، سیمینز ئینێرجی کەلوپەل و پێویستییەکانی هێڵی بۆری نۆرد ستریم 1 دابین دەکات.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا نۆرد ستریم 1 دووبارە دەست دەکاتەوە بە گواستنەوەی گازەکە ئەگەر سزاکان کەم بکرێنەوە، پێسکۆڤ وتی " بەدڵنیاییەوە."

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چەند جارێک ئەمەیان ڕەت کردۆتەوە و دەڵێن ڕووسیا دابینکردنی پێویستییەکانی وزە وەکو چەک بەکاردەهێنێت، ڕۆژی دووشەممە وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا وتی زیادبوونی نرخەکانی وزە لەم دواییانەدا بەشێک بووە لە ستراتیژیی پوتن.

کرێملن هۆشداریشیدا دژی ئەو پلانانەی کە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت پێشنیارییان کردووە بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا. کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی ڕووسیا ڕەنگە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئەو وڵاتە نەبێت ئەگەر چین و هیندستانیش هەمان هەنگاوی کۆمەڵەی حەوت نەگرنەبەر.

پێسکۆڤ گوتی " بەدڵنیاییەوە ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG