Accessibility links

ڕووسیا کۆتایی هێنان بە کۆکردنەوەی سەرباز بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ

ڕووسیا ڕایگەیاند کۆکردنەوەی سەربازە یەدەگەکان و ڕەوانەکردنیان بۆ ئۆکرانیا کۆتایی هاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی سەدان هەزاران کەسی لە یەک مانگدا کۆکردەوە بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیادا، زیاتر لە چوار یەکی ئەو کەسانە ڕەوانەی گۆڕەپانی جەنگەکە کراون.

لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمە یەکەمین جار بوو ڕووسیا داوای کۆکردنەوەی سەرباز بکات، کە بووە هۆی ئەوەی دەیان هەزاران پیاو لە ڕووسیا هەڵبێن و بۆ یەکەمین جار خۆپیشاندان دژی جەنگەکەی مۆسکۆ لە ڕووسیا بەڕێوەچوو.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لە کرێملن بە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی گوت " ئەو ئەرکەی تۆ فەرمانت پێکردبوو بۆ کۆکردنەوەی 300,000 کەس تەواو بووە. هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە لە ئارادا نیە." وتیشی 82,000 کەس ڕەوانەی گۆڕەپانی جەنگەکە کراون لە ئۆکرانیا و ئەوانی دیکەش مەشقییان پێدەدرێت.

پوتن سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە بوونەتە سەرباز لەسەر " پابەندبوونیان بە ئەرکەکە و نیشتیمانپەروەرییان و سووربوونییان لەسەر بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان، بەرگریکردن لە ڕووسیا، واتا ماڵ و خێزان و دانیشتوانمان و گەلەکەمان."

شوێگۆ و پوتن دانیان بەوەدانا کە لە سەرەتای پڕۆسەی کۆکردنەوەکەدا کێشە هەبووە. شوێگۆ وتی لە سەرەتادا کێشەی پێدانی کەلوپەل هەبووە بەو کەسانەی کە تازە بوونەتە سەرباز، بەڵام ئێستا ئەو کێشانە چارەسەر کراون. پوتن گوتی هەڵە هەر دەبوو چونکە ڕووسیا ماوەیەکی زۆرە بانگهێشتی خەڵکەکەی نەکردووە بۆ بوون بە سەرباز، بەڵام وانەکان فێر بووین.

مانگی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانیکرد بە کۆکردنەوەی سەرباز و ڕەوانەکردنیان بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا ڕووبەڕووی شکستی گەورە بوونەوە.

دوای فەرمانەکە، خۆپیشاندان دژی کۆکردنەوەی سەرباز لە ڕووسیا بەڕێوەچوو، زیاتر لە 2000 کەس لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکران، بە تایبەتی لەو ناوچانەی وڵاتەکەدا کە زیاتر نەژادە کەمینەکانی تیادا دەژین و دەیانووت بە مەبەست کراونەتە ئامانج تاوەکو ڕەوانەی بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە بکرێن.

پوتن و بەرپرسانی دیکەی ڕووسیا دەڵێن چەند هەڵەیەک کراوە، لەوانەش بانگکردنی ئەو پیاوانەی کە زۆر بە تەمەن بوون یاخود ئەو کەسانەی کە نەگونجاون بۆ ئەوەی ببنە سەرباز، بەڵام ئەو کێشانە چارەسەر کراون. باوەڕ وایە دەیان هەزاران پیاو لە ڕووسیا هەڵاتبێتن بۆ دەرەوەی ڕووسیا تاوەکو خۆیان بە دووربگرن لە شەڕکردن بە ناچاری، زۆربەیان بۆ وڵاتانی دراوسێی ڕووسیا هەڵاتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG