Accessibility links

بەرپرسان: هێزەکانی ئاسایشی ڕووسیا سەرۆکی شارەوانی خێرسۆنیان دەستبەسەر کردووە


بەرپرسانی ڕووسیا لە هەرێمی خێرسۆنی ئۆکرانیا گوتیان هێزەکانی ئاسایشی ڕووسیا سەرۆکی شارەوانی خێرسۆن ئیهۆر کۆلیخایێڤیان دەستبەسەر کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕەتی کردۆتەوە شوێن فەرمانەکانی مۆسکۆ بکەوێت، هاوکات بەرپرسێکی ناوخۆی خێرسۆن وتی سەرۆکی شارەوانی شارەکە ڕفێندراوە.

شاری خێرسۆن دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای نیمچە دوورگەی کرایمییەوە کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا گرتییەخۆی. لە یەکەمین هەفتەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا داگیرکرا، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکەشی شارەکەیان جێهێشتووە.

جێگری سەرۆکی هەرێمی خێرسۆن ئیکاتیرینا گوبارێڤا کە ڕووسیا دایناوە گوتی " دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە کۆلیخایێڤ لەلایەن پۆلیسی سەربازییەوە دەستبەسەرکراوە."

ڕاوێژکاری سەرۆکی شارەوانی خێرسۆن، هالینا لیاشیڤسکا گوتی کۆلیخایێڤ دوای ئەوەی ڕەتی کردۆتەوە هاریکاری لەگەڵ داگیرکەرانی ئۆکرانییەکاندا بکات، ڕفێندراوە.


هالینا لیاشیڤسکا گوتی " ئەم بەیانییە، سەرۆکی شارەوانی خێرسۆن ئیهۆر کۆلیخایێڤ هات بۆ یەکێک لە ناوەندەکانی خزمەتگوزارییەکان کە کارمەندانی ئەنجومەنی شارەکە هێشتا تیایدا کاردەکەن."

گوتی " هەر کە لە ئوتومبێلەکە هاتە دەرەوە، دستبەجێ لەلایەن چەکدارانی پاسەوانی نیشتیمانییەوە دەستبەسەرکرا، ئەگەرێکی زۆری هەیە هێزەکانی ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا بووبێتن."

دۆسییەی کۆلیخایێڤ نوێترین دۆسییەیە لە دۆسییەکانی ڕفاندنی بەرپرسانی ئۆکرانیا لەو ناوچانەدا کە ڕووسیا داگیریکردوون، لەوانەش سەرۆکی شارەوانی میلیتۆپۆل ئیڤان فیدۆرۆڤ کە دەڵێن کاتێک لە مانگی سێدا ڕفێندرا گوایە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپێچینەوەیەکی " سەختی " لەگەڵدا کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG