Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت بەهۆی ڕۆڵی ڕۆژئاواوە لە ئۆکرانیا ڕێبازی ئەتۆمی دەگۆڕێت


جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سێرگێی ڕیابکۆڤ
جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سێرگێی ڕیابکۆڤ

دەزگای ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سێرگێی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە ڕووسیا گۆڕانکاری دەکات لە ڕێبازەکەیدا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ " پەرەسەندنی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا لەلایەن ڕۆژئاواوە."

ڕێبازی ئێستای ئەتۆمی ڕووسیا کە سەرۆکی وڵاتەکە ڤلادیمیر پوتن لە ساڵی 2020 دا بە بڕیارێک دیاریکرد، دەڵێت ڕووسیا ڕەنگە لە ڕوودانی هێرشێکی ئەتۆمی دوژمندا یاخود هێرشێکی ئاسایی دوژمندا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، ئەگەر ئەو هێرشە مەترسی بێت لەسەر بوونی ڕووسیا وەکو دەوڵەتێک.

هەندێک لە سەرکێشەکانی نێو شرۆڤەکارانی سەربازیی ڕووسیا داوایان لە پوتن کردووە مەرجەکان بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی دوژمنەکانی ڕووسیا لە ڕۆژئاوا " بە هۆش بهێنێتەوە."

پوتن لە مانگی شەشدا وتی ڕێبازی ئەتۆمی " ئامڕازێکی زیندووە " کە دەکرێت بگۆڕدرێت، ئەوەش پەیوەستە بە ڕووداوەکانی جیهانەوە. لێدوانەکانی ڕیابکۆڤ لە ڕۆژی یەکشەممە ڕوونترین بەیاننامەن لەسەر ئەوەی کە بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاریی کراوە.

دەزگای هەواڵی تاس لە زاری ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە " کارەکە لە قۆناغێکی پێشکەوتوودایە، هەروەها نیازێکی ڕوونیش هەیە بۆ ئەنجامدانی ڕاستکردنەوە."

وتیشی بڕیارەکە " پەیوەستە بە ئاڕاستەی پەرەسەندنەکانی دوژمنە ڕۆژئاواییەکانمانەوە " لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا.

مۆسکۆ ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئۆکرانیا وەکو بریکارێک بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی، بە ئامانجی ئەوەی شکستێکی ستراتیژی " بە ڕووسیا بهێنێت و وڵاتەکە بشکێنێت.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوە ڕەت دەکەنەوە، دەڵێن یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن لە بەرگریکردن لە خۆیدا دژی جەنگە داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

پوتن لە ڕۆژی دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا وتی هەر کەسێک هەوڵ بدات کۆسپ بخاتە بەردەمی یاخود هەڕەشەی لێبکات ئەوا " ڕووبەڕووی دەرەنجامێک دەبێتەوە کە هەرگیز لە مێژووەکەیدا نەیبینیوە."

لەو کاتەوە پوتن چەندی بەیاننامەی دەرکردووە کە ڕۆژئاوا بە هەڕەشەی ئەتۆمییان دەزانێت، هەروەها ڕەوانەکردنی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی ڕووسیای بۆ بێلاڕووس ڕاگەیاندووە.

ئەوە نەبووە ڕێگر لەبەردەم ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدا لە زیادکردنی یارمەتییە سەربازییەکانییاندا بۆ ئۆکرانیا، بە شێوەیەک کە سەرەتا هەر بیریشی لێنەکرابووەوە، ئێستا تانک و موشەکی مەودا و دوور و فڕۆکەی شەڕکەری F-16 دەدەن بە ئۆکرانیا.

مانگی ڕابردوو ئۆکرانیا ڕووسیای توشی شۆک کرد کاتێک لەشکرکێشییەکی بۆ ناو هەرێمی کورسکی ڕووسیا دەستپێکرد و هەزاران سەرباز چوونە ناو هەرێمەکەوە، تاوەکو ئێستاش ڕووسیا شەڕ دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو لەشکرکێشییە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ئەو ئۆپەراسیۆنە گاڵتەی کردووە بە " هێڵە سوورەکانی " پوتن. وتیشی هەوڵێکی زۆر دەدەن ئەمەریکا ڕێگەیان بدات چەکە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا بەکاربهێنن بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا.

ڕیابکۆڤ ئاماژەی بەوە نەدا کەی ڕێبازە ئەتۆمییە نوێکراوەکە ئامادە دەبێت، وتی " کاتی تەواوکردنی کارەکە پرسیارێکی قورسە، بەوەی کە ئێمە باس لە گرنگترین ئامڕازەکانی دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی نیشتیمانیمان دەکەین."

ڕووسیا زۆرترین چەکی ئەتۆمی هەیە لە جیهاندا. لە مانگی سێدا پوتن وتی مۆسکۆ لە ڕووی " تەکنیکی سەربازییەوە " ئامادەیە بۆ جەنگێکی ئەتۆمی.

بەڵام وتیشی پێی وانیە پێویست بکات بە خێرایی بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمی بڕۆین و ڕووسیا هەرگیز ڕووبەڕووی ئەوە نەبووەتەوە کە پێویست بکات چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG