Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت لە کۆمەڵێک ناوچەدا هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی ئۆکرانیا


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا کۆمەڵێک هێرشییان کردۆتە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە چەند هەرێمێکی ئۆکرانیادا، هەروەها کیێڤی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ناوچەیەکی نزیک وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا.

وەزارەتەکە وتی هێزەکانی ڕووسیا لە هەرێمەکانی خێرسۆن و میکۆلایڤ و خارکیڤ و دۆنێتسک هێرشیان ئەنجامداوە، وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشێکی شکستخواردوویان لە نزیک شارۆچکەی پراڤدینی خێرسۆن ئەنجامداوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتیشی ئاستی تیشکدانەوە لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژادا ئاسایی بووە. بەپێی وەزارەتەکە، هێزەکانی ئۆکرانیا دوو جار بۆردومانی ناوچەیەکی نزیک وێستگەکەیان کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕەتی کردەوە هێزەکانی ئۆکرانیا بۆردومانی ناوچەیەکی نزیک وێستگەی زاپۆریژایان کردبێت کە دەکەوێتە باشووری وڵاتەکەوە.

ئۆکرانیا و ڕووسیا چەند جارێک یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا. دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژی پێنجشەممە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تیایدا داوا لە ڕووسیا دەکات داگیرکارییەکەی لە وێستگەکە کۆتایی پێبهێنێت و هێزەکانی لە وێستگەکەدا بکشێنێتەوە.

ئالێکسی کولیمزینی سەرۆکی شارەوانی شاری دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن هێزە جیاخوازەکانی سەر بە ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە، وتی بەهۆی بۆردومانەکانی سەر ناوەڕاستی شارەکەوە چوار کەس کوژراون. وتیشی پارچەی هاویتزەری سیزاری دروستکراوی فەڕەنسی دۆزراوەتەوە.

هاوکات دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری بەرپرسانی ناوخۆی هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە بەهۆی بۆردومانەکانی ئۆکرانیاوە کەسێک کوژراوە.

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ڕاپۆرتەکانی سەر گۆڕەپانی جەنگەکە پشتڕاست بکاتەوە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێزەکانی ئۆکرانیا کۆمەڵێک ناوچەیان لە هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گرتەوە کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کرابوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG