Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت موشەکێک لە کۆگایەکی چەکی داوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە مۆڵەکەی کریمینچوکدا


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت موشەکی ئاڕاستەی کۆگایەکی چەک کردووە لە شاری کریمینچوکی ناوەڕاستی ئۆکرانیا، تەقینەوەی تەقەمەنییەکانی ناو کۆگاکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە مۆڵێکی نزیک لە کۆگاکە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە لانیکەم 16 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشێکی ئاسمانی کردۆتەسەر مۆڵێکی قەرەباڵغ لە کریمینچوک، کۆمەڵەی حەوتیش بە تاوانێکی جەنگی ڕووسیا ناویبرد.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا گوتی " لە کریمینچوک، هێزەکانی ڕووسیا بە موشەکی ورد لە کۆگایەکی چەکییان داوە کە ئەو چەکانەی تیایدا بوون لە ئەمەریکا و ئەوروپاوە وەرگیراون. لە ئەنجامی هێرشە وردەکەدا، چەک و تەقەمەنییەکانی دروستکراوی ڕۆژئاوا لە کۆگاکەدا کرانە ئامانج."

گوتیشی " تەقینەوەی ئەو تەقەمەنییانەی کە لە کۆگاکەدا هەڵگیرابوون بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە مۆڵێکدا کە لە تەنیشت کۆگاکەوە بووە، مۆڵەکەش لەکارکردندا نەبووە."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی موشەکەکانی ڕووسیا ڕاستەوخۆ مۆڵەکەیان کردۆتە ئامانج و نزیکەی 1000 کەس لە کاتی هێرشەکەدا لە مۆڵەکەدا بوون.

ڕۆژی سێشەممە تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای قوربانییان و ڕزگاربوواندا، دەیان کەس بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

ڕووسیا چەند جارێک لە ماوەی داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا ڕەتی کردۆتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج. نەتەوە یەکگرتووکان دەڵێت لانیکەم 4,700 هاوڵاتی مەدەنی لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG