Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای بەسەر مۆسکۆوە خستووەتە خوارەوە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە کە هەوڵییانداوە هێرش بکەنە سەر مۆسکۆ.

سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ سێرگێی سۆبیانین وتی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە و تەنها زیانێکی کەم گەیشتووە بە ڕووکەشی دوو بینای ئۆفیس لە ناوچەی بازرگانی مۆسکڤا سیتی.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێن ناوچەکە کە چەند میلێک لە مۆسکۆوە دوورە، بەوە ناسراوە بینای بەرزی مۆدێرنی تێدایە و یەکێک لەو بینایانەی کە زیانی بەرکەوتووە وەزارەتەکانی حکومەتی ڕووسیا و یەکەی نیشتەجێبوونییان تێدایە.

ئەو ڕاستییەی کە لەمدواییانەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکان دەگەنە ناو ناوجەرگەی مۆسکۆی پایتەختەوە، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی گەورەشییان لێنەکەوتۆتەوە، شتێکی بێزارکەرن بۆ بەرپرسانی ڕووسیا کە بە هاووڵاتییانی ڕووسیایان وتووە ڕووسیا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " دژ بە ئۆکرانیا لە ژێر دەستدایە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕووسیا وتی ئۆکرانیا هەوڵیداوە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکاتە سەر مۆسکۆ، یەکێک لە فڕۆکەکان لە نزیک بارەگای وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە خرایە خوارەوە. لەو کاتەدا وتی تۆڵەیەکی توند لە ئۆکرانیا دەکاتەوە.

دوابەدوای هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا میخایلۆ فیدۆرۆڤ وتی هێرشی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێت. تاوەکو ئێستا کیێڤ لێدوانی لەسەر ڕووداوەکەی ئەمڕۆ نەداوە.

سۆبیانین لە بەیاننامەیەکی کورتدا سەبارەت بە ڕووداوەکە وتی " زیانی گیانی نەبووە."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە ناوچەی بازرگانی مۆسکڤا سیتی کەوتوونەتە خوارەوە. وتیشی هێزی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یاخود زیاتری بەسەر ئاسمانی ناوچەی ئۆدینتسۆڤۆوە خستۆتە خوارەوە کە دەکەوێتە هەرێمی مۆسکۆوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە بەیانی 30 ی مانگی حەوتدا، هەوڵێکی هێرشێکی تیرۆریستی لەلایەن ڕژێمی کێیڤەوە لە ڕێی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دژی ئامانجەکانی ناو شاری مۆسکۆ پوچەڵکرایەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG