Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای بەسەر کرایمیاوە تێکشکاندووە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە هێزەکانی ڕووسیا 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە کە بەرەو نیمچە دوورگەی کرایمیا هەڵدراون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددی نەبووە، 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سیستمەکانی بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێندراون و شەشی دیکەیان لە ڕێی ئامڕازی ئەلیکترۆنییەوە سەرکوتکراون.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا پشتڕاست بکاتەوە.

تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا چی شتێک کراوەتە ئامانج لەو هێرشانەدا کە باسییان لێوە کراوە.

ڕاوێژکارێکی فەرمانڕەوای سەر بە ڕووسیا لە کرایمیا سێرگێی کریچکۆڤ لە ماوەی ڕابردوودا وتی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی لە چەند بەشێکی جیای نیمچە دوورگەکەدا بەرپەرچی هێرشە ئاسمانییەکانییان داوەتەوە.

بەرپرسانی گواستنەوەی کرایمیا وتییان هاتووچۆ لەسەر پردی کرایمیا، کە نیمچە دوورگەکە دەبەستێتەوە بە هەرێمی کراسنۆداری ڕووسیاوە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ڕاگیراوە.

لە ساڵی 2014 دا مۆسکۆ نیمچە دوورگەی کرایمیای ئۆکرانیای لکاند بە ڕووسیاوە، هەشت ساڵ پێش ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن جەنگێکی بەرفراوان دژی ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت.

هێرشەکانیش لە ڕێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا و ناوچەکانی ناو ڕووسیا لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر کرێملنەوە تێکشکێندرا، زیادییان کردووە.

ئۆکرانیا بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە ڕاناگەیەنێت، بەڵام وتوویەتی لە ناوبردنی ژێرخانی سەربازیی ڕووسیا زۆر گرنگە بۆ هێرشە پێچەوانەکەی کیێڤ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG