Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت هێرشی ئاسمانی گەورەی کردۆتە سەر سوپای ئۆکرانیا


ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو هێرشی گەورەی ئاسمانی کردۆتەسەر سوپای ئۆکرانیا و بنکە سەربازییەکانی، ئەوەش لەڕێی بەکارهێنانی هێزە ئاسمانییەکەی و هێزە موشەکییەکانی و تۆپهاوێژ و سیستمە دژە موشەکییەکانیەوە، وتیشی سەدان ئامانجی ئۆکرانییان لەو وڵاتەدا کردۆتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشە موشەکییەکان شەوی ڕابردوو 16 دامەزراوەی سەربازیی ئۆکرانیایان لەناوبردووە، لەنێویشیاندا پێنج خاڵی سەرکردایەتی تێدا بووە، عەمبارێکی سوتەمەنی و سێ کۆگای هەڵگرتنی تەقەمەنیشیان لەناوبردووە.

وتیشی هێرشەکان کراونەتەسەر هەرێمەکانی خارکیڤ و زاپۆریژا و دۆنێتسک و دنیپرۆپێترۆڤسک و بەندەری میکۆلایڤ، ئاماژەشی بەوەدا هێزی ئاسمانی ڕووسیا هێرشییان کردۆتەسەر 108 ناوچە کە وەکو خۆیان دەڵێن هێزەکانی ئۆکرانیایان لێبووە.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد لە هەندێک ناوچەی دیکە 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانکییان لەناوبردووە، وتیشی بە بەکارهێنانی موشەکی ئیسکاندەر چوار کۆگای چەک و کەلوپەلی سەربازییان لە هەرێمەکانی لوهانسک و ڤینیتسیا و دۆنێتسک لەناوبردووە.

ڕووسیا بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا کە بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات، دەڵێت ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنەی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.

هێزەکانی ڕووسیا لە ئێستادا سەنگییان خستۆتەسەر کۆنتڕۆڵکردنی شاری ماریوپۆڵ، کە چەند هەفتەیەکە گەمارۆدراوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتیشی تۆپهاوێژەکانی ڕووسیا 315 ئامانجی سەربازیی ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج و سیستمە دژە موشەکییەکانیش بەکارهێندراون بۆ خستنەخوارەوەی سێ کۆپتەری سەربازی ئۆکرانیا و دوو فڕۆکەی جەنگی میگ – 29 و فڕۆکەیەکی جەنگی سو – 25 ی ئۆکرانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG