Accessibility links

مۆسکۆ دەڵێت 1847 منداڵ لەنێو ئەو هەزاران کەسەدان کە لە ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت ڕۆژی دووشەممە بەبێ بەشداری بەرپرسانی کیێڤ زیاتر لە 11,500 کەس لە ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا، لەنێویشیاندا 1847 منداڵییان تێدایە.

ئەو ژمارەیەی گواستراونەتەوە هاوڵاتیانی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش دەگرنەوە کە ڕووسیا پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا وەکو دوو کۆماری سەربەخۆ ناساندنی.

ڕووسیا دەڵێت خەڵکەکە لەسەر داوای خۆیان گواستراونەتەوە، هاوکات ئۆکرانیا دەڵێت مۆسکۆ لە سەرەتای جەنگەکەوە بە ناچاری هەزاران کەسی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە.

ڕۆژی دووشەممە یەکەمین ئەو هاوڵاتیە مەدەنییانەی کە لە وێستگەی ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵەوە گواسترانەوە گەیشتنە شاری زاپۆریژا، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتیدا کە هەماهەنگییان لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا کردبوو بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە وێستگەکەدا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت نزیکەی 200,000 منداڵ و 1.1 ملیۆن کەس لە ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG