Accessibility links

مۆسکۆ داکۆکی لە ڕێککەوتنی فرۆشتنی موشەک دەکات بە عەرەبستانی سعودیە


کرملن داکۆکی لەو سەودایە دەکات بۆ فرۆشتنی موشەکی دروستکراوی ڕوسیا بە شانشینی عەرەبستانی سعودیە و دەڵێت ئەم سەودایە مایەی هەڕەشە و مەترسی نییە بۆ هیچ وڵاتێک.

دیمتری پیسکۆڤ، دەمڕاستی ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت ئەو سەودایەی کراوە بۆ دانی موشەکی دوور هاوێژی جۆری بەرگریئێس 400 بە عەرەبستانی سعودیە ڕێککەوتنێک نییە بەرامبەر وڵاتی سێهەم.

ئەم وەڵامەی دیمتری بۆ ئەو پرسیار و گومانانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە سەبارەت بەوەی ئەو سەودا چەکییە چەندێک دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر تاران.

هاوکاتی یەکەم سەردانی شا سەلمان پادشای عەرەبستانی سعودیە لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ مۆسکۆ ئەم سەودا چەکییە مۆرکرا.

وتووێژەکانی شا سەلمان لەگەڵ پوتندا بە وەرچارخاندنێک لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا داەنرێت کە پێشتر و لە سەروەختی شەڕی سارددا پشێوی و ئاڵۆزی زۆر لەو پەیوەندیانەدا هەبووە.

بڕیاری ڕیاز بۆ تۆکمە کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا ڕەنگدانەوەی فراوان بوونی ڕۆڵی ڕوسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەو کاریگەریانەی لە دۆسێی سوریادا هەیەتی.

XS
SM
MD
LG