Accessibility links

تورکیا سوورە لەسەر بەدەستهێنانی سیستەمی S-400 ی ڕووسیایی


وەزیری بەرگری تورکیا جەختی کردەوە وڵاتەکەی لە بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ڕووسیایی پاشگەزنابێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ.

خڵوسی ئاکار شەوی سێشەممە لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەوانان لە ئەنکەرە گوتی S-400 سیستەمێکی بەرگریـیە نەک هێرشبەری، وە ئامانج لە کڕینی پاراستنی وڵاتەکەیە لە هەر هێرشێکی ئاسمانی یان موشەکی. گوتیشی لە ئێستادا سەربازیان ڕەوانەی ڕووسیا کردووە تاوەکو لەسەر ئەو سیستەمە ڕاهێنانیان پـێبکرێت.

پاشان گوتی واشنتن مەسەلەی پـێدانی فڕۆکەی F-35 دەبەستێتەوە بە سیستەمی S-400 لە کاتێکدا هیچ بەندێک لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە دروستکردنی F-35 نیـیە کە تیایدا کڕینی سیستەمی ڕووسیایی قەدەغەبکات.

هەروەها گوتی وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ هەر سزایەک کە لە لایەن ئەمەریکاوە بەسەریدا بسەپێنرێت لە بەرامبەر کڕینی ئەم سیستەمە.

کاربەدەستان لە واشنتن دەڵێن بەستنی سیستەمی ڕووسیایی بە سیستەمەکانی ناتۆوە ڕەنگە ببێتە هۆی دزەکردنی زانیاری تەکنەلۆجیای لەشکری وڵاتانی ناتۆ و بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیـیان بە فڕۆکەی F-35 وە هەیە کە نوێترین فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکایە.

لە لایەکی دیکە ڕووسیا ڕەخنەی گرت لە ناڕەزایـیەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە کڕینی S-400 لە لایەن تورکیاوە.

دمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا لە وەڵامی پـرسیارێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن ئەمەریکا مۆڵەتی دوو هەفتەی بە تورکیا داوە لە کڕینی ئەو سیستەمە پاشگەزبێتەوە، گوتی ئەو جۆرە هۆشداریـیانە جێی قبوڵ نین، وە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا چەندان جار دووپاتیکردووەتەوە گرێبەستی کڕینی ئەو سیستەمە تەواوبووە.

XS
SM
MD
LG