سەرۆکی گروپی ڕەستیکی حکومی ڕوسی وتی هەناردەی سەربازی ڕوسیا هیچ کەمی نەکردووە سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکاش.
ڕەستیک یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەریاندا بەهۆی داگیرکردنی دوورگەی کریمیای ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیا و هۆکاری دیکەوە. هەریەک لە کۆمپانیای کڵاشینکۆڤ بۆ بەرهەمهێنانی چەک و کۆمپانیای ڕاشن هێڵیکۆپتەر و یونایتد ئێرکرافت کۆربۆریشن سەر بەو گروپەن.
سەرۆکی گروپی ڕەستیک سێرگەی چیمیزۆڤ لەمیانەی پێشانگایەکی فڕۆکەدا لە دوبەی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دامەزراوەی ڕوسوبۆرن ئێکسپۆرت کە دامەزراوەیەکی حکومەتی ڕوسیایە بۆ هەناردەکردن و هاوردە، لە ساڵی 2018 دا بڕی 13.7 ملیار دۆلار فرۆشیی سەربازی هەبووە کە ئەم ڕێژەیە تۆزێک لە ساڵی 2017 زیاتر بووە."
وتیشی واپێشبینی دەکرێت فرۆشییەکانی ساڵی 2019 زیاتر بێت چونکە کۆمپانیاکە تا ئێستا بڕی 11 ملیار دۆلاری دەستکەوتووە.
وتی " گەشە دەکات، ئەوەش مانای ئەوەیە بەرهەمەکانمان بە کوالێتییەکی بەرز دەکرێت پشتیان پێببەسترێت."
هەروەها ڕوونیشی کردەوە ڕوسیا بەردەوام دەبێت لە هاریکارییە سەربازییەکان لەگەڵ سعودیە و ئیماڕاتدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز