Accessibility links

ڕووسیا دووبارە بەشداری لە ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا دەکاتەوە و هەناردەکان دەستیپێکردەوە


ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا ڕایگەیاند دووبارە بەشداری لە ڕێکەوتنەکەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بە دەریای ڕەشدا دەکاتەوە.

ڕۆژی شەممە ڕووسیا ڕایگەیاند بەشداریکردنی لە ڕێکەوتنەکەدا ڕادەگرێت و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای ڕەش و وتی ئۆکرانیا ڕێڕەوە پارێزراوەکەی دەریای ڕەشی بۆ مەبەستی سەربازیی بەکارهێناوە.

بەڵام دوای ئەوەی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیدەر بوون لە بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بەبێ بەشداریکردنی ڕووسیا لە پشکنینەکاندا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، ڕووسیا بڕیاری بەشداریکردنەوەی لە ڕێکەوتنەکەدا ڕاگەیاند.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی هۆکاری گۆڕانکارییەکە ئەوە بووە کە گرەنتی ئاسایشی لە ئۆکرانیاوە وەرگرتووە لەسەر ئەوەی ئەو ڕێڕەوە پارێزراوی دەریای ڕەش کە گەنمەکەی پیادا تێپەڕ دەبێت بۆ مەبەستی سەربازیی دژی ڕووسیا بەکارنەهێنێت. کیێڤ هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەو بابەتە نەداوە، بەڵام لە ڕابردوودا ڕەتی کردۆتەوە ڕێڕەوەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا بەکارهێنابێت.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی " فیدراسیۆنی ڕووسیا پێی وایە ئەو گرەنتییانەی لە ئێستادا پێی دراوە گونجاو دیارن، هەروەها دەست دەکاتەوە بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە."

ڕێکەوتنەکە کە سێ مانگ لەمەوبەر بە نێوەندگری نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا واژۆ کرا، بووە هۆی دووبارە کردنەوەی سێ بەندەری ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش کە بەهۆی گەمارۆی ڕووسیاوە نەدەتوانرا گەنمەکەیان لێوە هەناردە بکرێت. هەروەها بووە هۆی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا کە بووە هۆی ئەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا سووکتر بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG