Accessibility links

ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە ڤیزا بدات بە سیناتۆرێکی ئەمەریکی


کریس مێرفی
کریس مێرفی

سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمەریکا کریس مێرفی وتی مۆسکۆ ڕەتی کردۆتەوە ڤیزای چوونە ناوەوەی بداتێ، ئەمەش لەنێوەندی ناکۆکییەکانی ناوخۆی واشنتن و نێوان هاوپەیمانەکانی سەبارەت بەوەی کە ئایا پێویستە ڕوسیا بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی حەوتی پیشەسازی یاخود نا.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی گونجاو دەبێت ئەگەر ڕێگە بدرێت ڕوسیا بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی حەوتی پیشەسازی.

وڵاتانی دیکەی کۆمەڵەی حەوت دژایەتی ئەم پێشنیارەی سەرۆک ترامپ دەکەن.

مێرفی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا وتی پلانی داناوە لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسدا کە پێکهاتوون لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش سەردانی ڕوسیا بکات.

مێرفی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەگەڵ نەمانی پەیماننامەی سنووردانان بۆ چەک لەمدواییانەدا و ناڕەزایی ناوخۆی ئەمەریکا لەسەر شێوازی فەرمانڕەوایی ڤلادیمێر پوتن، ئەم ساتە پێدەچێت پڕ بێت لە مەترسی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا، هەروەها شەرمەزارییە ڕوسیا گرنگی نادات بە گفتوگۆکردن."

لەم ساڵانەی دواییدا ڕوسیا ڤیزا ناداتە نوێنەرانی ئەمەریکا، بەتایبەتی ئەوانەی کە فشاریان کردووە تاوەکو سزا بسەپێنرێت بەسەر مۆسکۆدا، ئەمەش بەهۆی دوژمنکارییەکانی ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا و دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا.

لە هەواڵێکی جیادا، کۆمەڵێک ئەندامانی باڵای دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا وتیان پەیامێکیان ناردووە بۆ سەرۆک ترامپ و تیایدا دژایەتی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە دووبارە بە ئەندامبوونەوەی ڕوسیا لە کۆمەڵەی حەوتدا، هۆکاری ئەوەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ داگیرکردنی دوورگەی کریمیای ئۆکرانی لەلایەن ڕوسیاوە.

پەیامەکە لەلایەن ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر و گەورە ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئەنجومەنی سینات جاک ڕید و گەورە ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆب مێنیندێز و گەورە ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی هەواڵگری مارک وارنەرەوە واژۆ کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG