Accessibility links

مۆسکۆ: چاکسازییە سەربازییەکانی ڕووسیا وەڵامێکە بۆ فراوانبوونی ناتۆ و ئۆکرانیا


ڤالێری گیراسیمۆڤ
ڤالێری گیراسیمۆڤ

جەنەڕاڵی نوێی بەرپرس لە کاروباری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا وتی چاکسازییە سەربازییە نوێیەکانی ڕووسیا وەڵامێکە بۆ ئەگەری فراوانبوونی ناتۆ و بەکارهێنانی کیێڤ لەلایەن " ڕۆژئاواوە " بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی دووڕەگی دژی ڕووسیا.

ڤالێری گیراسیمۆڤ لە 11 ی مانگی یەکدا وەکو بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستنیشان کرا، لە یەکەمین لێدوانیشیدا لەو پۆستەدا دانینا بە کێشەکانی کۆکردنەوەی سەربازەکانیشدا.

لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا چاکسازییە نوێیەکان لە سوپای ڕووسیادا ڕاگەیاندرا، گیراسیمۆڤ بە ماڵپەڕی هەواڵی ئارگومێنتی فاکتی وت چاکسازییەکان لەلایەن پوتنەوە پەسەند کراوە و دەکرێت وەکو وەڵامێک سەیر بکرێن بۆ مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ڕووسیا.

گیراسیمۆڤ گوتی " ئەمڕۆ، ئەو مەترسییانە بریتین لە هەوڵەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ فراوانبوونی بۆ فینلەندا و سوید، هەروەها بەکارهێنانی ئۆکرانیا وەکو ئامڕازێک بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی دووڕەگ دژی وڵاتەکەمان." گیراسیمۆڤ سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕووسیاشە.

ساڵی ڕابردوو سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

بەپێی پلانە سەربازییە نوێیەکەی ڕووسیا، یەکەیەکی سوپا زیاد دەکرێت بۆ کارێلیای باکووری ڕووسیا، کە سنووری بە فینلەنداوەیە.

چاکسازییەکە داوای دوو ناوچەی سەربازیی دیکە دەکات، مۆسکۆ و لێنینگراد. کە پێش ئەوەی لە ساڵی 2010 یەکبگرنەوە و ببن بە شێک لە ناوچەی سەربازی ڕۆژئاوا، بوونیان هەبووە.

گیراسیمۆڤ گوتی " ئامانجی سەرەکی ئەم کارە دڵنیا بوونەوەیە لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان."

وتیشی ڕووسیای نوێ هەرگیز ئەم جۆرە " دوژمنکارییە سەربازییەی بەم چڕییە " بە خۆیەوە نەبینیوە، ئەوەش ناچاری دەکات ئۆپەراسیۆنی هێرشکردن ئەنجام بدات بۆ جێگیرکردنی دۆخەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG