سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت بەنیازە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کاندیدبکاتەوە، ئەوەی بڕیارە لە مانگی سێی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ڤلادیمیر پـوتن ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی سەردانی بۆ کارگەیەکی وڵاتەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی "ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە هەنگاونان بەرەو پـێشەوە و لەم هەنگاوانە هەرگیز کەس ڕایناگرێت."
ئەگەربێت و پـوتنی تەمەن 65 ساڵ بە سەرۆک هەڵببژێردرێتەوە، ئەوا بۆ خولی چوارەم دەبێتەوە سەرۆک و هەتا ساڵی 2024 دەتوانێت بەردەوام ببێت.
پـوتن ماوەی 18 ساڵە حوکمڕانی ئەو وڵاتە دەکات و پـێشتریش لە سەردەمی سۆڤێت ئەفسەرێکی دەزگای زانیاری ڕووسیا بوو ئەوەی بە KGB ناسراوە و پاش هەڵوەشاندنەوەی سۆڤێت لە ساڵی 1998 بوو بە سەرۆکی ئەو دەزگایە کە ناوی گۆڕدرا بۆ دەزگای ئاسایشی فیدراڵی FSB.