Accessibility links

پـوتن پـشتیوانی لە پرۆژەیەکی ئەمەریکا بۆ قەیرانی سوریا دەکات و هەڕەشە لە تورکیا دەکات


سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت وڵاتەکەی بە شێوەیەکی گشتی پشتیوانی لە دەسـتپـێشخەریەکەی ئەمەریکا دەکات بۆ پـێشـکەشکردنی پـرۆژە بڕیارێـک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سوریا.

ڤلادیمیر پـوتن ڕۆژی پـێـنجشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ساڵانەی خۆی لە مۆسکۆ گوتیشی پلانەکانی مۆسکۆ و واشنتن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا دەشێت بگوترێت وەکو یەکن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد قەیرانی سوریا تەنها بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر دەکرێت.

بەڵام گوتی هەڵوێستی ڕووسیا بەرامبەر بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا وەکو خۆیەتی و ناگۆرێت. جەختی لەوەش کرد هەرگیز قایل نابێت هیچ هێزێـکی دەرەکی بڕیار بدات کێ حوکمڕانی سوریا بکات.

هەرچەندە داوای لە هەموو لایەنەکانی قەیرانی سوریا کرد نەرمی بنوێنن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێـک، بەڵام سووربوونی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ بەردەوامبوون لە هەڵمەتە لەشکریـیەکەی لە سوریا و گوتی هەتا لەشکری سوریا لە شەڕدابێت، ئەوا ڕووسیا بەردەوامی بە هێرشە ئاسمانیـیەکانی دەدات. گوتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیانە باری سەر بودجەی وڵاتەکەی قورس ناکات.

سەبارەت بە بنکە لەشکریـیەکەی وڵاتەکەی لە سوریا، گوتی دڵنیا نیـیە ئایا ئیدی ڕووسیا پـێویستی بە بنکەی لەشکری هەمیشەیی لە سوریا دەبێت یان نا، کە لە ئێسـتادا چەکی بەهێزی وەهای هەیە دەتوانێت لە دوری هەزاران کیلۆمەتر لە هەر شوێنێک بدات.

لە بارەی تورکیاوە، سەرۆکی ڕووسیا گوتی قورسە لە سایەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای تورکیا بتوانن لەگەڵ ئەنکەرە ڕێکبکەون. گوتیشی خستنی فڕۆکە ڕووسیـیەکە لە لایەن تورکیاوە کارێـکی دوژمنکارانەیە، ئەمەش لە کاتێـکدا تورکیا وڵاتێکی دوژمنی ئێمە نیـیە.

پاشان هەڕەشەی لە تورکیا کرد و گوتی با تورکەکان ئێستا فڕۆکە بۆ سەر ئاسمانی سوریا ڕەوانە بکەن کە جاران بە هەوەسی خۆیان تیایدا دەسوڕانەوە. ئاماژەی بۆ سیستەمە بەرگریـیە پـێشـکەوتووەکەی وڵاتەکەی کرد کە لە جۆری S-400 و لە سوریا دایانمەزراندووە.

سەبارەت بە ئەمەریکا، پـوتن گوتی خوازیارە پەیوەندی باشتری لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت ئیدی گرنگ نیـیە کێ لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەباتەوە.

XS
SM
MD
LG