Accessibility links

پوتن: کیێڤ پابەندی مەرجەکانی ڕێکەوتنی ئاشتی نەبووە


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت مۆسکۆ هیچ ئارەزوویەکی لە ئۆکرانیاوە نەبینیوە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی " ڕێکەوتنی سەرەتایی ئاشتی " کە لە مانگی سێدا واژۆ کراوە.

دوای گەشتەکەی بۆ تاران، پوتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب پێشنیارییان کردووە نێوەندگری بکەن لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.

تاوەکو ئێستا حکومەتی ئۆکرانیا وەڵامی لێدوانەکانی پوتنی نەداوەتەوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا، پوتن وتی کیێڤ پابەندی مەرجەکانی ڕێکەوتنی سەرەتایی ئاشتی نەبووە کە " لە مانگی سێدا بەشێوەیەکی کرداری " ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.

پوتن وتی " کۆتا ئەنجامی ئاڕاستەکە پەیوەستە بە خواستی لایەنە دژ بە یەکەکانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەی کە پێی گەیشتووین. ئەمڕۆ دەبینین ئەو دەسەڵاتانەی کە لە کیێڤن ئارەزووی ئەوەیان نیە."

لە مانگی سێدا ڕووسیا و ئۆکرانیا گفتوگۆی ئاشتییان ئەنجامدا، هەردوولا پێشنیارییان دەکرد بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. لەو کاتەدا زێلێنسکی وتی تەنها ئەنجامی بەرجەستە لە گفتوگۆکانەوە متمانەی پێدەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە پوتن لە تاران لەگەڵ ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدا کۆبۆوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بوو کە هەردووکیان لەژێر سزاکانی ڕۆژئاوادان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG