سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتارە ساڵانەییەکەی بەهۆی سەری ساڵەوە بەکارهێنا بۆ کۆکردنەوەی گەلی ڕووسیا لە پشت هێزەکانیەوە کە لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن و بەڵێنی سەرکەوتنیدا بەسەر " نازییە نوێیەکانی " ئۆکرانیا و ڕۆژئاوایەک " کە گوایە نیازی " لە ناوبردنی ڕووسیا " ی هەیە.
لە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراودا، پوتن دەڵێت شەڕەکەی ئۆکرانیا کە بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات، شەڕی بوونە بۆ داهاتووی ڕووسیا.
وتیشی سەربازەکانی ڕووسیا شەڕ بۆ " خاکی دایک و ڕاستی و دادپەروەری دەکەن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ڕووسیادا."
وتارەکەی پوتن لە کاتێکدایە کە جەنگەکە دەچێتە یانزەیەمین مانگییەوە و تاوەکو ئێستا کۆتاییەکەی دیار نیە، کرێملن داوای کۆکردنەوەی 300,000 کەسی کرد بۆ خزمەتی سەربازی، ڕۆژئاواش سزای توندی ئابووری بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە و بە ئاشکرا دەڵێت شەڕەکە ڕەنگە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.
پوتن لە میانەی وتارەکەیدا ئەو کەسانەی کردە ئامانج کە دژایەتی جەنگەکە دەکەن، وتی ساڵی ڕابردوو " زۆر شتی ڕێکخستەوە، بە ئاشکرا بوێری و پاڵەوانی لە ناپاکی و ترسنۆکی جیاکردەوە."
هەروەها داواکەی ئۆکرانیاشی ڕەت کردەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا وەکو مەرجێکی پێشوەخت بۆ گفتوگۆکان و وتی " ڕووسیا بەرگری لە خەڵکەکەمان و ناوچە مێژووییەکەمان دەکات."
هەروەها ڕۆژئاواشی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی درۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا و ناچارکردنی مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتە سەربازییەکەی لە ئۆکرانیا.
وتی " ڕۆژئاوا درۆی کرد سەبارەت بە ئاشتی، ئامادەکاری دەکرد بۆ دوژمنکارییەک، ئێستا ساویلکانە ئۆکرانیا و گەلەکەی بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردن و دابەشکردنی ڕووسیا."
وتی " هەرگیز ڕێگەمان بەمە نەداوە، هەرگیز ڕێگەش نادەین هیچ کەسێک ئەوەمان لەگەڵدا بکات."
کیێڤ و ڕۆژئاوا ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە هاوپەیمانێتی ناتۆ پلانی داڕشتبێت بۆ بەکارهێنانی ئۆکرانیا وەکو سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ڕووسیا، دەڵێن جەنگێکی بێ بنەمای هەڵگیرساندووە بۆ داگیرکردنی خاک و دانانی ڕژێمێک بە دڵی خۆی.
سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هیچ دەستکەوتێکی گەورەی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بە دەست نەهێناوە، پوتن بەڵێنی سەرکەوتنیدا لە کۆتاییدا.
وتی " پێکەوە بەسەر هەموو قورساییەکاندا زاڵ دەبین و مەزنیی و سەربەخۆیی وڵاتەکەمان دەپارێزین، بۆ خێزانەکانمان و بۆ ڕووسیا سەردەکەوین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز