سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییەکان لە مانگی حەوتدا ڕەوانەی بێلاڕووس دەکرێن، ئەمەش یەکەمین جارە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە مۆسکۆ چەکە ئەتۆمییەکانی ڕەوانەی دەرەوەی ڕووسیا بکات.
پوتن لە مانگی سێدا ڕایگەیاند ڕازیبووە بە ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە چەکانە بۆ بێلاڕووس، ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا ماوەی چەند دەیەیەکە چەکی ئەتۆمی تەکتیکی لە وڵاتانی ئەوروپا جێگیر کردووە.
پوتن بە سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆی وت "هەمووشتەکان بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچن."
وتیشی "ئامادەکارییەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە 7-8 ی مانگی حەوتدا تەواو دەبن و دەستبەجێ دەست دەکەین بە چالاکییەکان سەبارەت بە ڕەوانەکردنی جۆری گونجاوی چەکەکان بۆ وڵاتەکەت."
لوکاشینکۆ وتی "سوپاس ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤیچ."
پوتن جەنگەکەی لە ئۆکرانیا بە شەڕکردن بۆ بوونی ڕووسیا ناودەبات بە ڕووی فراوانبوونی ناتۆدا. وتووشیەتی ڕووسیا ناکشێتەوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتوویەتی ئۆکرانیا پشوو نادات تاوەکو ئەو کاتەی سەرجەم سەربازەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەیدا دەکشێنەوە، هەروەها دەیەوێت بە زووترین کات ببێتە ئەندام لە ناتۆدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز