Accessibility links

پۆلیسی مۆسکۆ نزیکەی 30 خۆپیشاندەر دەستگیردەکات


شایەتحاڵێکی ڕۆیتەرز دەڵێت پۆلیسی مۆسکۆ زیاتر لە 20خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە کە ڕژابوونە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و درێژەدان بەو خۆپیشاندانە فراوانەی کە هەفتەی پێشوو لە ڕوسیا ئەنجامدرا.

بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئەم هەفتەیەدا بەبەراورد لەگەڵ هەفتەی پێشوودا کەم بووە لەکاتێکدا هەفتەی پێشوو سەدان خۆپیشاندەر دەستگیرکران کە هاتبوونە دەرەوە لەدژی گەندەڵی و لەنێویاندا ئەلێکسی ناڤاڵنی بوو کە بەوە ناسراوە ڕەخنە لە کرێملن دەگرێت و لەگەڵ خۆپیشاندەراندا داوا دەکەن سەرۆک وەزیری ڕوسیا دیمیتری مێدڤیدیڤ دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە.

شایەتحاڵەکەی ڕۆیتەرز وتیشی کاربەدەستەکان بەجلی مەدەنییەوە لەگەڵ پۆلیسدا ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە کە ژمارەیان لەنێوان 20بۆ 30خۆپیشاندەر دەبێت لە ناوەڕاستی مۆسکۆدا کاتێک خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە بڕۆن بەرەو کرێملین.

هەروەها دەزگای هەواڵیی ئینتەرفاکسی ڕوسی لە زاری پۆلیسەوە بڵاویکردەوە کە 29کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای گشتی.

شایەنی باسە ژمارەی خۆپیشاندەران لەم هەفتەیەدا گەیشتە سەد خۆپیشاندەر کە ئەوەش بەبەراورد لەگەڵ هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی ئێجگار کەمە کە باوەڕ وایە گەورەترین خۆپیشاندان بووە دوای خۆپیشاندەکانی ساڵی 2011 و 2012دژی کرێملن.

ئەم خۆپیشاندانانەش پێش ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕوسیا دێن کە چاوەڕوان دەکرێت ڤلادیمێر پوتن وەکو سەرۆکی ڕوسیا بۆ جاری چوارەم هەڵبژێردرێتەوە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG