Accessibility links

ڕوسیا هێزی سەربازی ڕەوانەی کازاخستان دەکات بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانە کوشندەکان


هاوپەیمانی سەربازیی وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت وتی وەکو بەشێک لە هێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی، ڕوسیا ‌هێزی سەربازیی ڕەوانەی کازاخستان کردووە بەمەبەستی یارمەتیدان لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانە کوشندەکەی ئەو وڵاتەدا.

لە ماوەی ڕابردوودا پۆلیسی کازاخستان وتی لە شاری ئەڵماتی دەیان تێکدەریان " لەناوبردووە " ، لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە سەریانهەڵدا.

سەرۆکی کازاخستان قاسم گۆمارت تۆکایڤ داوای یارمەتی لە ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاشتی کرد کە هاوپەیمانێتیەکی سەربازییە و هەریەک لە ڕوسیا و ئەرمینیا و بێلاڕوس و کازاخستان و کریگستان و تاجیکستان لەخۆدەگرێت، تۆکایڤ بەرپرسیارێتی توندوتیژییەکانی خستە ئەستۆی گروپە " تیرۆریستیەکان " کە لە دەرەوەی مەشقیان پێکراوە.

پەیامنێرانی ڕۆیتەرز وتیان بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکان چوونەتە گۆڕەپانی سەرەکی ئاڵماتیەوە و لەوێ بۆ سێیەمین ڕۆژ سەدان هەزاران کەس ناڕەزاییان دژی حکومەت دەربڕیوە.

بەپێی شایەتحاڵەکان، دەنگی تەقە بیستراوە لەکاتێکدا هێزەکان لە خەڵکەکە نزیک بوونەتەوە، بەڵام لەو کاتەوە بارودۆخی گۆڕەپانەکە هێمن بۆتەوە.

کەناڵی فەڕمی کازاخستان گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تیایدا ژمارەیەکی زۆر چەک لەسەر شەقامەکە داندراون و خەڵکەکەش بەلایدا دەڕۆن و هەر کەسێک چەکێک هەڵدەگرێت.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕوسیا لە زاری وەزارەتی تەندروستی کازاخستانەوە بڵاویکردەوە زیاتر لە 1000 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا برینداربوون و زیاتر لە 400 کەسیان لە نەخۆشخانە بوون.

کەناڵی کازاخستان وتیشی بانکی نیشتیمانی کازاخستان بڕیاریداوە کارەکانی لە وڵاتەکەدا ڕابگرێت لەپێناو پارێزراوی کارمەندەکانیدا. هێڵەکانی ئینتەرنێتیش لە وڵاتەکە زۆرینەیان پچڕاون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG