Accessibility links

سەرۆک وەزیری پاکستان داوای کۆتاییەکی ئاشتیانە دەکات بۆ قەیرانەکانی ئۆکرانیا


سەرۆک وەزیری پاکستان ئیمران خان
سەرۆک وەزیری پاکستان ئیمران خان

وابڕیارە سەرۆک وەزیری پاکستان ئیمران خان ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ڕووسیا بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلادیمێر پوتندا کۆببێتەوە، هاوکات وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرکۆنەی پوتن دەکەن لەسەر قووڵکردنەوەی کێشەکانی ئۆکرانیا.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وتی پوتن و خان " بە سەرجەم بوارەکانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا دەچنەوە، لەنێویشیاندا هاریکارییەکانی وزە لەنێوانیاندا."

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " گفتوگۆیەکی دوورودرێژیشیان دەبێت سەبارەت بە کێشە گەورە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیش، لەوانەش بارودۆخی ئەفغانستان."

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە " بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە پوتن و خان کۆببنەوە."

ماوەی 23 ساڵە ئەمە یەکەمین سەردانی لەوجۆرەی سەرۆک وەزیرێکی پاکستانە بۆ ڕووسیا و سەردانەکەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بەرپرسانی پاکستان دەڵێن سەردانەکە لەسەر داوای سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بووە و بڕیار بووە بەر لە کێشەکانی ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت. خان یەکەمین ڕابەری وڵاتێکی بیانی دەبێت سەردانی مۆسکۆ بکات لە دوای ئەوەی پوتن دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.

خان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی ڕووسی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە سەردانەکەی پەیوەندیی قەیرانەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاواوە هەبێت لەسەر ئۆکرانیا.

خان وتی " ئەم قەیرانی ئۆکرانیایە ئێمە نیگەران ناکات. پەیوەندییەکی دوو قۆڵیمان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، بەڕاستیش دەمانەوێت پتەوی بکەین."

خان ئەوەشی خستەڕوو " ئەوەی ئێستا دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە نەچینە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتیەک. دەمانەوێت پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتاندا هەبێت."

خان ئاماژەشی بەوەدا هیوادارە قەیرانەکانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە کۆتاییان پێبێت.

وتی " بڕوا ناکەم ململانێ سەربازییەکان کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەو وڵاتانەی کە پشت بە ململانێی سەربازی دەبەستن بەباشی مێژوویان نەخوێندۆتەوە. جیهانی ئێستا هیوادارە جەنگێکی ساردی دیکە ڕووی تێنەکات."

پاکستان و ڕووسیا پێشتر دوژمنی یەکتر بوون، لە ماوەی جەنگی سارددا پاکستان چووە پاڵ ئەمەریکا. دەزگای هەواڵی پاکستان لەنزیکەوە لەگەڵ دەزگای سی ئای ئەی ئەمەریکادا کاری دەکرد بۆ پڕچەک کردن و پێدانی مەشق بە شەڕکەرە ئەفغانییەکان و کۆتایی هێنان بە داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی 1989 دا.

بەڵام لەم ساڵانەی ڕابردوودا ڕووسیا و پاکستان پەیوەندییەکانیان باشتر کردۆتەوە، هەندێک جار هێزە سەربازییەکانیان لە دوورەوە مەشقی سەربازیی هاوبەش ئەنجام دەدەن و هەوڵ دەدەن هاریکارییەکانی نێوانیان لەڕووی وزەوە زیاتر بکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG