Accessibility links

ڕوسیا فشارەکانی سەر ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەکات


بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ڕوسیا، کاربەدەستانی وڵاتەکە فشارەکانی سەر ئۆپۆزسیۆنیان زیاتر کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چالاکەوانێکی ئۆپۆزسیۆنیان دەستگیرکرد و هەڵیانکوتایە سەر ماڵی کۆمەڵێک چالاکەوانی دیکە.

سەرۆکی جوڵانەوەی ڕوسیای کراوە ئاندرێ پیڤۆڤارۆڤ ڕۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی سەینت پیتەرسبێرگ ڕاگیرا و ڕەوانەی کراسنۆداری باشووری ڕوسیا کرا وەکو بەشێک لەو تاوانانەی ئاڕاستەی کراون.

بە هەمان شێوە ڕۆژی سێشەممە پۆلیسی ڕوسیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سیاسەتمەدارێکی ئۆپۆزسیۆن دمیتری گودکۆڤ کە بەنیازبوو خۆی بەربژێر بکات بۆ پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆدا، هاوکات پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵی لانی کەم دوو یاریدەدەری گودکۆڤ.

ئەم هەڵمەتەی ڕوسیاش دژی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن زۆرێکەوە بە هەوڵێکی مۆسکۆ دەبیندرێت بۆ سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی هەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن کە ببێتە ڕکابەری حیزبەکەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەدا کە وابڕیارە لە مانگی نۆدا بەڕێوەبچێت.

هەفتەی ڕابردوو پیڤۆڤارۆڤ ڕایگەیاند جوڵانەوەی ڕوسیای کراوە دادەخات بەمەبەستی پاراستنی ئەندامەکانی، لە مانگی سێدا پۆلیس نزیکەی 200 بەشداربووی کۆڕبەندێکی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەرکرد، جوڵانەوەی ڕوسیای کراوە یارمەتیدەر بوو لە ڕێکخستنی کۆڕبەندەکەدا.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG