Accessibility links

کرێملن نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە خراپبوونی ڕەوشی کەنداو


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لە سوچی
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لە سوچی

سەرۆکایەتی ڕوسیا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە " خراپبوونی " ڕەوشی ناوچەی کەنداو سەرەڕای لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ کە بۆ ڕوسیای دووپات کردەوە واشنتن جەنگی لەگەڵ ئێراندا ناوێت.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ وتی " لە ئێستادا دەبینین خراپبوونی ڕەوشەکە سەبارەت بەم بابەتە بەردەوامە." هەروەها ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئیستیفزازکردنی ئێران.

ماوەی هەفتەیەکە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران زیادیان کردووە و ئێران هەندێک لە بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کەمکردەوە، ئەمەش دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئەمەریکا لەو ڕێکەوتنەدا و بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانی توندترکردەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەرپرسانی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی ئەم هەڕەشانەی ئێرانەوە، ئەمەریکا کۆمەڵێک کەشتی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکەی بۆمب هاوێژی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەی سێرگەی لاڤرۆڤ لە سوچی لە ڕوسیا وتی " ئێمە هەرگیز هەوڵ بۆ جەنگ نادەین لەگەڵ ئێراندا."

بەڵام پێسکۆڤ وتی " قورسە قسە لەسەر گرەنتیەکان بکەیت چونکە ڕوون و ئاشکرایە ڕەوشەکە بەرەو خراپتربوون دەچێت."

وتیشی " بەداخەوەین بۆ ئەو بڕیارانەی ئێران دەیدات، بەڵام ئێرانیش لە خۆیەوە ئەو بڕیارانە نادات، بەڵکو وەکو وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو فشارانەی لەسەریەتی." ئاماژەشی بەوەدا " ئەو کارانەی ئەمەریکا دژی ئێران دەیکات ئیستیفزازکردنی ئێرانە."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی " سەرەڕای هەموو شتێک، زۆر گونجاوتر دەبێت ئەگەر ئێران لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نەکشێتەوە."

لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی نەمسا ئەلکساندەر ڤان دەیر باڵندا، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی " بەردەوام پشتیوانیمان لە ڕێکەوتنەکە کردووە، بەداخەوەین ڕووبەڕووی ئەم کێشانە بۆتەوە."

وتیشی " ئێمە تیمی ئاگرکوژێنەوە نین. ناتوانین هەموو شتێک ڕزگار بکەین بەتایبەتی لەکاتێکدا کە بابەتەکە هەمووی پەیوەست نیە بە ئێمەوە."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی نەمسا وتی " هەر فشارێکی زیاتر بۆ سەر ئێران دەبێتە هۆی خراپتربوونی ڕەوشەکە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG