ڕوسیا وتی پێدەچێت ناچار ببێت موشەکی مەودا ناوەندی ناوەکی لە ئەوروپا جێگیر بکات وەکو وەڵامێک بۆ " پلانەکانی هاوپەیمانێتی بۆ ئەنجامدانی هەمان کار."
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤ وتی ڕوسیا پێدەچێت ناچار ببێت بجوڵێت ئەگەر ڕۆژئاوا ڕەتی بکاتەوە بێتە پاڵ ڕوسیا لە ڕێکەوتنی قەدەغەکردنی هێزی ناوەکی مەودا ناوەند لە ئەوروپا، کە ئەمەش بەشێکە لەو گرەنتیە ئەمنیانەی کە ڕوسیا داوای دەکات لەبەرامبەر هێورکردنەوەی گرژییەکان لەسەر ئۆکرانیا.
ڕیابکۆڤ بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕوسی وت نەبوونی بەرەپێشچوون بەرەو چارەسەرێکی سیاسیی و دیبلۆماتی لەوانەیە ڕوسیا ناچار بکات بەشێوەیەکی سەربازیی وەڵام بداتەوە، لەڕێی تەکنەلۆجیای سەربازییەوە.
وتیشی " ئەوە ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت، خولێکی دیکە دەبێت. " ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەگەری ڕەوانەکردنی موشەک لەلایەن ڕوسیاوە.
بەپێی پەیماننامەکەی ساڵی 1987 ی نێوان ڕابەری یەکێتی سۆڤیەتی ئەو کاتە میخائیل گۆرباچێڤ و سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ڕۆناڵد ڕیگان، چەکی ناوەکی مەودا ناوەند ( ئەو چەکانەی کە مەوداکانیان لە 500 بۆ 5,500 کیلۆمەترە )، لە ئەوروپا قەدەغە کران. لەو کاتەدا پەیماننامەکە وەکو هۆکارێکی گەورە بۆ هێورکردنەوەی جەنگی سارد پێشوازی لێکرا. تاوەکو ساڵی 1991 ، یەکێتی سۆڤیەت وئەمەریکا نزیکەی 2,700 موشەکی ناوەکیان لە ئەوروپا لەناوبرد.
لە ساڵی 2019 دا ئەمەریکا لە پەیماننامەکە کشایەوە، بە هۆکاری ئەوەی ڕوسیا پەیماننامەکەی پێشێل کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز