Accessibility links

ڕوسیا هۆشداری دەداتە ناتۆ و دەڵێت هەر جوڵەیەک سەبارەت بە ئۆکرانیا دەرەنجامی دەبێت


دەزگای ئاڕ ئای ئەی لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاندرێ ڕودینکۆوە بڵاویکردەوە مۆسکۆ هۆشداری داوەتە هاوپەیمانێتی ناتۆ و دەڵێت هەر جوڵەیەک بۆ ئەوەی ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە، دەرەنجامی دەبێت.

دەزگاکە وتی ڕودینکۆ سەبارەت بە لێدوانەکانی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن پرسیاری لێکراوە. ئۆستن لەم هەفتەیەدا سەردانی ئۆکرانیای کرد و وتی واشنتن پشتیوانی لە خواستی ئۆکرانیا دەکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە و هیچ وڵاتێک ناتوانێت ڤیتۆ دژی ئەوجۆرە بڕیارە بەکاربهێنێت.

ئۆستن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا ڕوسیا بەربەست بووە لەبەردەم ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا و هیچ مافی ئەوەی نیە ڤیتۆ دژی خواستی ئۆکرانیا بۆ هاتنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بەکاربهێنێت.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا دەستی بەسەر نیمچە دوورگەی کرێمیای ئۆکرانیادا گرت، ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا سەریانهەڵدا و هێزەکانی ئۆکرانیا لەو کاتەوە دژی گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەجەنگن، کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG