Accessibility links

ڕوسیا ئەرکە دیبلۆماتیەکەی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەکاردەخات


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ

ڕوسیا ڕایگەیاند ئەرکە دیبلۆماتیەکەی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەکاردەخات، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕوسیەکان لە ئەرکە دیبلۆماتیەکەی ڕوسیادا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی هەشت کارمەندی ئەرکەکەی ڕوسیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ بەشێوەیەکی نهێنی وەکو ئەفسەری هەواڵگری کارییان کردووە و مۆڵەتی کارکردنیان لێسەندراوەتەوە. ناتۆ ژمارەی کارمەندەکانیشی لە ئۆفیسەکەی لە مۆسکۆ لە 20 کەسەوە کەمکردەوە بۆ 10 کەس.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ " گرنگی بە هیچ جۆرە گفتوگۆ و کارێکی هاوبەش نادات."

وتی " لە ئەنجامی هەنگاوە بە مەبەستەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا، هیچ هەلومەرجێکمان نیە بۆ کاری دیبلۆماتی سەرەتایی. وەکو وەڵامێکیش بۆ کارەکانی ناتۆ، ئەرکەکانی شاندە هەمیشەییەکەمان بۆ ناتۆ ڕادەگرین، لەوانەش کاری سەرۆکی شاندی سەربازیی، لە یەکی مانگی یانزەوە، یاخود لەوانەیە چەند ڕۆژێکی زیاتری بوێت."

وتیشی " ڕەفتارەکانی هاوپەیمانێتیەکە بەرامبەرمان تا دێت توندتر دەبێت." هەروەها ناتۆی تۆمەتبار کرد بەوەی زیادەڕۆیی لە " هەڕەشەکانی ڕوسیا " دەکات.

ئاماژەشی بەوەدا کێشەکانی نێوان ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت لەڕێی باڵیۆزخانەی ڕوسیاوە لە بەلجیکا چارەسەر بکرێن.

وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئۆوانا لونگێسکو وتی هێشتا ڕوسیا دەبێت بە فەڕمی لەسەر کارەکانی ئاگادارمان بکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی ئەم هەنگاوەی ڕوسیا " ئەو بارودۆخە سەختەی کە تیایداین خراپتر دەکات." وتیشی " ئەمە پەیوەندییەکان ئاڵۆزتر دەکات."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG