Accessibility links

ڕووسیا موشەکی ناوەکی تاقی دەکاتەوە


موشەکی باڵیستیکی کشوەربڕی ڕووسی ، سارمات

ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا وتی بۆ یەکەمین جار موشەکی کیشوەربڕی سارماتی تاقی کردۆتەوە، ئەمەش ماوەیەک دەبێت ڕووسیا چاوەڕێی دەکات و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنیش وتی موشەکەکە دوژمنانی ڕووسیا ناچار دەکات بوەستن و بیربکەنەوە.

سوپای ڕووسیا بە پوتنی ڕاگەیاند کە موشەکەکە لە پلێسێتسکی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە هەڵدراوە و ئامانجەکانی لە نیمچە دورگەی کامچاتکای ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پێکاوە.

ماوەی چەند ساڵێکە پەرە بە موشەکی کیشوەربڕی سارماتی ڕووسی دەدرێت، تاقیکردنەوەکەشی شتێکی سەرسوڕهێنەر نیە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام لەکاتێکدایە کە گرژییەکی زۆری جیۆسیاسیی هەیە لەسەر جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

پوتن وتی " موشەکە نوێیەکە بەرزترین تایبەتمەندی تەکتیکی و تەکنیکی هەیە و لە توانایدا هەیە بەسەر سەرجەم سیستمە بەرگرییە موشەکە مۆدێرنەکاندا زاڵ ببێت. وێنەی نیە لە جیهاندا و بۆ ماوەیەکی درێژخایەنیش هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە."

وتیشی " موشەکەکە چەکێکی نموونەییە کە توانای شەڕکردنی هێزە چەکدارەکانمان پتەوتر دەکات، دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت لە دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی ڕووسیا دژی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، ئەو کەسانەش ناچار دەکات بیر بکەنەوە کە لە گەرمەی لێدوانی دوژمنکاریدان و هەوڵ دەدەن هەڕەشە لە وڵاتەکەمان بکەن."

شارەزایەکی باڵای ئاسمانی لە ناوەندی نێودەوڵەتی توێژینەوە ستراتیژییەکان دۆگلاس باری وتی تاقیکردنەوەکە گرنگ بووە، چونکە چەند ساڵێکە ئەو تاقیکردنەوەیە بەهۆی کێشەی دیزاین و پشتیوانیە داراییەکانەوە دواخراوە.

وتیشی موشەکەکە پێویستی بە تاقیکردنەوەی زیاتر دەبێت تاوەکو ڕووسیا بتوانێت ڕەوانەی بکات و شوێن موشەکەکانی ئێس ئێس – 18 و ئێس ئێس – 19 بگرێتەوە کە لە ئێستادا ئەو موشەکانە کۆن بوون.

باری دەڵێت موشەکی سارمات دەتوانێت 10 کڵاوەی ناوەکی جەنگی هەڵبگرێت و هەڵدانی موشەکەکە بەسەر هەر یەکێک لە جەمسەرەکانی زەویدا کێشەی بۆ سیستمەکانی ڕاداری سەر وشکانی و مانگە دەستکردەکان دروست دەکات.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی موشەکی سارمات کاتژمێر 12:12 ی دوانیوەڕۆ هەڵدراوە و ئەو کڵاوە ناوەکییانەی کە لەسەری بوون و بۆ مەشق بەکاردێن گەیشتوونەتە ئامانجەکانی لە کامچاتکا، نزیکەی 6000 کیلۆمەتر دوور لە دەریای پاسیفیکەوە.

سەرنوسەری گۆڤاری بەرگری نیشتیمانی ڕووسیا بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی وت تاقیکردنەوەکە ئاماژەیەکە بۆ ڕۆژئاوا لەسەر ئەوەی مۆسکۆ " لە توانایدا هەیە کۆتایی بە مێژووی هەر وڵاتێک بهێنێت کە بیەوێت زیادەڕۆیی بکات لەسەر ئاسایشی ڕووسیا و گەلەکەی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG