Accessibility links

ڕووسیا هێرشێکی موشەکی گەورە دەکاتە سەر ئۆکرانیا و هاوڵاتیانی مەدەنی دەبنە قوربانی


ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتێکدا کە خەڵکەکە لە خەودا بوون، ڕووسیا هێرشی گەورەی موشەکی لە سەرانسەری ئۆکرانیادا ئەنجامدا و لانیکەم 6 کەس گیانیان لە دەستدا و هێڵەکانی کارەبا پچڕان و وێستگەیەکی ئەتۆمیش ناچار بوو کارەکانی ڕابگرێت.

لە ناوەڕاستی مانگی دووەوە ئەمە یەکەمین جارە ڕووسیا بەو شێوەیە هێرشی موشەکی بکاتە سەر سەرانسەری ئۆکرانیا. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ژێرخان و بیناکانی نیشتەجێبوونی 10 هەرێم کراونەتە ئامانج.

زێلێنسکی وتی " داگیرکەران تەنها دەتوانن هاوڵاتیانی مەدەنی تیرۆر بکەن. تەنها ئەوە دەتوانن بکەن. بەڵام ئەوە یارمەتییان نادات. ناتوانن خۆیان لە بەرپرسیارێتی ئەو کارانە بدزنەوە کە کردوویانە."

بەپێی خزمەتگوزارییە بەپەلەکان، لانیکەم پێنج کەس لە هەرێمی لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کوژراون، دوای ئەوەی موشەکێک لە خانوویەکی گوندێکی داوە لە هەرێمەکەدا.

هەروەها لە هەرێمی دنیپرۆی ناوەڕاستی ئۆکرانیاش هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە. سێ هاوڵاتی مەدەنی دیکە لە خێرسۆن بەهۆی تۆپهاوێژەکانەوە کوژراون.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕووسیا شەش موشەکی کینژاڵی دەنگبڕی هەڵداوە، ئەوەش ژمارەیەکی بێپێشینەیە کە ئۆکرانیا ناتوانێت بیانخاتە خوارەوە. باوەڕ وایە ڕووسیا چەند دەرزەنێک لەو موشەکەی هەبێت، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنیش زۆرجار باس لەو موشەکە دەکات و دەڵێت ناتۆ ناتوانێت وەڵامی بداتەوە.

ئۆکرانیا دەڵێت موشەکەکان کارەبای وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژایان بڕیوە، کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا.

بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان کیێڤ و ئۆدێسا و خارکیڤیش کراونەتە ئامانج.

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی سەربازی هەرێمی کیێڤ وتی " بە داخەوە موشەکێکی جۆری کینژاڵ ژێرخانێکی کردۆتە ئامانج."

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیچسکۆ باسی لە تەقینەوە کرد لە باشووری ڕۆژئاوا پایتەخت. وتی لە سەدا 40 ی دانیشتوان بەهۆی پچڕانی کارەباوە گەرمییان نەماوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسا ماکسیم مارچینکۆ وتی هێرشە موشەکییە گەورەکە دامەزراوەیەکی وزەی لە شارەکەدا کردۆتە ئامانج. ناوچەکانی دانیشتوانیش کراونەتە ئامانج.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلی سینیهوبۆڤ وتی شارەکە و هەرێمەکە 15 هێرشی موشەکییان کراوەتە سەر، ژێرخانەکانیش کراونەتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG