Accessibility links

ڕووسیا هۆشداری دەداتە لیتوانیا


ڕووسیا هۆشداریدایە لیتوانیا سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی لیتوانیا بۆ قەدەغەکردنی تێپەڕبوونی شتومەکەکان بە وڵاتەکەیدا بۆ کالینینگرادی ڕووسیا گرتوونیەتەبەر، ڕووسیا دەڵێت ڕێوشوێنەکانی لیتوانیا ڕەنگە " دەرەنجامێکی نەرێنی مەترسیداری " لێبکەوێتەوە.

هێزەکانی ڕووسیا و جیاخوازەکانی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت پێشڕەویی زیاترییان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردووە، بەرەو لیسیچانسک پێشڕەوی دەکەن کە قەڵای سەرەکی کیێڤە لە ناوچەکەدا و دەکەوێتە هەرێمی دۆنباسەوە و قورسترین شەڕی تێدا دەکرێت.

ئۆکرانیا داوای لە ڕۆژئاوا کردووە چەکی زیاتر و تۆپهاوێژی باشتری بدەنێ. ڕۆژی سێشەممە وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ گەیشتنی تۆپهاوێژە ئەڵمانیەکانی بۆ وڵاتەکە ڕاگەیاند.

کالینینگراد دەکەوێتە نێوان لیتوانیا و پۆڵەنداوە، کە هەردووکیان ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆشن. سەرجەم ئەو شتومەکانەی کە کالینینگراد هاوردەی دەکات لە لیتوانیاوە تێپەڕ دەبن، بەو گازەشەوە کە لە ڕووسیاوە ڕەوانەی دەکرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا لیتوانیا ڕایگەیاند سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا جێبەجێ دەکات، بەهۆی ئەوەشەوە تێپەڕبوونی شتومەکەکانی لە وڵاتەکەوە بۆ کالینینگراد قەدەغە کرد.

لیتوانیا ڕێگای گواستنەوەی پۆڵا و کانزاکانی دیکەی بۆ کالینینگراد داخستووە، دەڵێت ئەمە جێبەجێکردنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە کە لە ڕۆژی شەممەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن ڕێگای تێپەڕبوونی شتومەکەکانی دیکەش داخراون.

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا نیکۆلای پاتروشیڤ ڕۆژی سێشەممە سەردانی کالینینگرادی کرد و لەوێ ڕابەرایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنەکەی کرد. وتی کارەکانی لیتوانیا پیشانیدا کە ڕووسیا ناتوانێت متمانە بە ڕۆژئاوا بکات، وتیشی ڕۆژئاوا ڕێکەوتنە نوسراوەکانی سەبارەت بە کالینینگراد پێشێل کردووە.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری پاتروشیڤەوە بڵاویکردەوە " بەدڵنیاییەوە ڕووسیا وەڵامی ئەو جۆرە دوژمنکارییە دەداتەوە. ڕێوشوێنی گونجاو ئامادە کراون، دەرەنجامەکانیشیان کاریگەرییەکی گەورەی نەرێنی دەبێت لەسەر دانیشتوانی لیتوانیا."

سەرۆک وەزیری لیتوانیا ئینگریدا سیمۆنیت وتی شتێکی " گاڵتەخوازە " ڕووسیا باس لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ڕووسیا خۆی " سەرجەم ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە."

ڕۆژی سێشەممە مۆسکۆ مارکۆس ئیدەرەری نوێنەری یەکێتی ئەوروپای لە ڕووسیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا کردووە. وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا پیتەر ستانۆ وتی ئیدەرەر لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە ڕووسییەکان کردووە " خۆیان بەدووربگرن لە هەنگاو و لێدوانێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG