Accessibility links

ڕووسیا ئاگاداری ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا دەکاتەوە لە نائارامیەکانی مەکەدۆنیا


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاگادارکردۆتەوە لەوەی سەقامگیری دۆخی سیاسی ناو مەکەدۆنیا تێک نەدەن.

سێرگی لاڤرۆڤ ئەم ئاگاداریەی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە مۆسکۆ ڕاگەیاند، دوای کەمتر لە دوو ڕۆژ لەوەی یۆهانس هان کۆمیسەری فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا سەردانی سکۆپیەی پایتەختی مەکەدونیای کرد بۆ ئەوەی هەوڵێـکی تر بدات بۆ یارمەتیدان لە کۆتایی هێنان بەو بنبەستە سیاسیەی پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە پێیگەیشتوون لە پـێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەوەتەی لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە هەڵبژاردنەکان ئەنجام دراون.

قەیرانەکە گرژی نەژادی لێکەوتەوە، کاتێک سێ پارتی ئەلبانی نەژاد فشارەکانیان دەستپێکرد بۆ ئەوەی زمانی ئەلبانی بکرێتە دووەم زمانی فەرمی لە وڵاتەکەدا، دەڵێن ئەمە مەرجیانە بۆ بەشداریکردن لە هەر حکومەتێکی هاوبەندیدا. سەرئەنجام وا بۆ ماوەی سێ هەفتەیە ڕۆژانە خۆپیشاندانی ناڕەزایی سازدەکرێن.

لاڤرۆڤ وتی دۆخی ئێستای مەکەدۆنیا کە بە قەیران ناودێردەکرێت لە زۆر ڕووەوە دروستکراوە وەک هەوڵێک بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگاکەی، بۆیە دەبێت ڕۆژئاوا درک بە مەترسییەکانی ئەم هەوڵانە بکات.

پاشان سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەوەی چالاکییەکانی ڕووسیا لە بەڵکان بە ئیستفزازی ناودێردەکرێن. وتی نابێت پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ بەڵکان ببنە مایەی نیگەرانی ڕۆژئاوا.

بەڵام نیکۆلای پۆپۆسکی وەزیری دەرەوەی مەکەدۆنیا بە ڕاشکاوانە ڕەخنەی خۆی لە بەرامبەر ڕووسیا دەربڕی و بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند کە دەبێت ڕۆژئاوا زۆر نیگەران ببێت.

پۆپۆسکی دوای ڕۆژێـک لە کۆبوونەوە لەگەڵ یاسادانەرانی ئەمەریکا لە واشنتن، بە بەشی مەکەدۆنی دەنگی ئەمەریکای وت" دەتوانین بە ڕوونی بیبینین زلهێزێکی جیهانی وەک ڕووسیا بەرژەوەندی گەورەی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا هەیە."

وتیشی "ئەوەی گرنگە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەیە، سەبارەت بە مەکەدۆنیاش، ئێمە بە ڕاشکاوی دەیڵێین ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ بۆ ئێمە لە پێش هەموو شتێکی ترەوەیە. بۆیە ئامانجمانە پێـیان بگەین، چونکە پـێمانوایە باشترین ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەی ئابوری لە ناوچەکەماندا. بۆیە هێشتا وابەستەین بەم ئامانجانە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG