Accessibility links

لاڤرۆڤ: ئەمەریکا ' یاری بە ئاگر ' دەکات لە دەوروبەری تایواندا


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

ڕووسیا دەڵێت ئەمەریکا لە دەوروبەری تایواندا " یاری بە ئاگر " دەکات لە کاتێکدا چین دەڵێت کار دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە تایوانی دیموکراتخواز لەگەڵ چیندا یەک بخاتەوە.

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی سەردانی تایوانی کرد، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین تێکچوون، دوابەدوای سەردانەکەش چین مەشقێکی سەربازیی بەرفراوانی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا، هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش بەڵێنیداوە بەرگری لە تایوان بکات.

چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە مانگی دوودا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ هاوبەشییەکی " بێ سنوورییان " ڕاگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی ئەمەریکای بەرامبەر تایوان و سزاکانی ڕۆژئاوای بۆ سەر ڕووسیا کردە ئامانج.

لاڤرۆڤ وتی " ئەوان لە دەوروبەری تایواندا یاری بە ئاگر دەکەن، لەسەروو ئەوەشەوە بەڵێنی پشتیوانی سەربازیی دەدەن بۆ تایوان."

پوتن بە ئاشکرا پشتیوانی لە چین دەکات لە پرسی تایواندا. هەفتەی ڕابردوو پوتن وتی " بە نیازین بە توندی پابەندی بنەمای ' یەک چین ' بین. سەرکۆنەی کارە وروژێنەرەکانی ئەمەریکا و مانگە دەستکردەکانیان دەکەین لە تەنگەی تایواندا."
لەلایەکی دیکەوە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس پرسیاری لێکرا کە ئایا هێزەکانی ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکەن، بایدن لە وەڵامدا وتی " بەڵێ، ئەگەر لە ڕاستیدا هێرشێکی بێپێشینە هەبێت."

چەند خولەکێک پێش وتارەکەی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی وتی چین بەردەوام دەبێت لە کار کردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی " ئاشتییانە بۆ یەکخستنەوەی تایوان لەگەڵ چیندا ". وتیشی پەکین دژی " چالاکییە جیابوونەوە خوازەکان بەرەو سەربەخۆیی تایوان " شەڕ دەکات و لە هەمان کاتیشدا بە هێز دژایەتی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی دەکات.

وانگ یی وتی " تەنها بە ڕێگریکردن لە چالاکییە جیابوونەوە خوازەکان دەتوانین بنچینەیەکی ڕاستەقینە بۆ یەکگرتنەوەی ئاشتییانە بونیاد بنێین، تەنها کاتێک کە چین بە تەواوەتی یەکدەگرێتەوە دەتوانرێت ئاشتییەکی بەردەوام لە سەرانسەری تەنگەی تایواندا هەبێت."

لێدوانەکانی وانگ یی ڕۆژێک دوای کۆبوونەوە 90 خولەکییەکەی دێت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە نیویۆرک، ئەوەش یەکەمین گفتوگۆی نێوان دوو وەزیرەکە بوو لە دوای سەردانەکەی نانسی پیڵۆسییەوە بۆ تایوان.

دوای کۆبوونەوەکە چین ئەمەریکای بە تۆمەتی ناردنی " نیشانەی زۆر هەڵە و مەترسیدار " لەسەر تایوان تۆمەتبار کرد. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاش بە ڕۆیتەرزی وت بلینکن بە وانگی وتووە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری تایوان زۆر گرنگە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG