Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لە مۆسکۆ کۆبووەوە، ئەمەش لە کاتێـکدا پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ لە گرژیدان.

سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پـێشوازی لە دەمیرتاش کرد و گوتی ئەوان خەڵکی تورکیا بە دۆستی خۆیان دەزانن و تێکچوونی پەیوەندیـیەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە هیچ پەیوەندیـیەکی بە خەڵکی تورکیاوە نیـیە.

سەبارەت بە کوردیش، لاڤرۆڤ گوتی گەلی کورد داوای مافی ڕەوا و ئاسایی خۆی دەکات و ئێسـتاش لە سوریا و عێراق ئەوان هێزێکی سەرەکین لە شەڕی دژی داعشدا.

دەمیرتاش ئەویش لای خۆیەوە گوتی پەیوەندیـیەکانی نێوان خەڵکی تورکیا و ڕووسیا مێژوویـین، وە نایانەوێت ئەم گرژیـیەی لە نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ هەیە بەسەر خەڵکی هەردوو وڵات بشکێتەوە. جەختی لەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکیـیان چارەسەرکردنی کێشەکەیە. ئاماژەی بۆ خستنی فڕۆکە ڕووسیـیەکە کرد و گوتی ئەوە هەڵەیەکی حکومەتی تورکیا بووە.

سەبارەت بە هەدەپە، دەمیرتاش گوتی ئامانجیان بڵاوکردنەوەی دیموکراسـیە لە ناوچەکە و تورکیایە. پاشان سەنگی خستە سەر ئەوەی دیموکراسی و ئاشتی تاکە ڕێگەچارەیە بۆ تورکیا.

پاشان لە پشت دەرگای داخراو کۆبوونەوەکەیان تەواوکرد.

جێی ئاماژەیە هەر یەک لە کامەران یوکسەک هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیـیەکان (دەبەپە) و نەزمی گور بەرپرسی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی هەدەپە و سەڵاحەدین سۆرۆ ئەندامی کەنەکە لە ڕووسیا لە کۆبوونەوەکەدا بەشداریـیان کرد.

کۆبوونەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:38 0:00

XS
SM
MD
LG