Accessibility links

ڕۆژنامەی کۆمەرسانت: کرێملن بە بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێت چیتر ئایفۆن بەکارنەهێنن


ڕۆژنامەی کۆمەرسانت بڵاویکردەوە کرێملن بەو بەرپرسانەی ڕووسیای وتووە کە بەشدارن لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سآڵی 2024 ی ڕووسیا ئایفۆنی کۆمپانیای ئاپڵ بەکارنەهێنن، وتیشی چونکە ئامێرەکە لاوازە لەبەردەم دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوادا.

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە یەکەم جێگری بەڕێوبەرایەتی سەرۆکایەتی ڕووسیا سێرگێی کیرینکۆ لە سیمینارێکدا کە کرێملن ڕێکیخستووە بۆ ئەو بەرپرسانەی کە بەشدارن لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەکەدا، بە بەرپرسەکانی وتووە تاوەکو 1 ی مانگی چوار ئایفۆنەکانیان بگۆڕن.

کۆمەرسانت لە زاری یەکێک لە بەشداربووانی سیمینارەکەوە بڵاویکردەوە " ئایفۆن ئیتر تەواو بوو. یان ئەوەتا فڕێی بدەن یان بیدەن بە منداڵەکان. هەمووان دەبێت لە مانگی سێدا ئەو کارە بکەن."

کاتێک لەسەر ئەو بابەتە پرسیاری لێکرا، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ناتوانێت ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەکە پشتڕاست بکاتەوە.

پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " مۆبایلە زیرەکەکان نابێت بۆ کاری فەڕمی بەکاربهێندرێن. هەر مۆبایلێکی زیرەک تا ڕادەیەک میکانیزمێکی ڕۆشنی هەیە، گرنگ نیە چی جۆرە سیستمێکی هەیە، ئەندرۆید یاخود ئای ئۆ ئێس، بە شێوەیەکی سروشتی بەکارناهێندرێن بۆ کاری فەڕمی."

کۆمەرسانت بڵاویکردەوە کرێملن ڕەنگە ئامێری دیکە بە سیستمی جیاوازەوە دابین بکات تاوەکو شوێنی ئایفۆنەکان بگرنەوە، وتیشی فەرمانی نەهێشتنی بەکارهێنانی ئایفۆن بۆ ئەو بەرپرسانە دەرچووە کە بەشدارن لە سیاسەتی ناوخۆدا، سیاسەتی ناوخۆش کیرینکۆ لێی بەرپرسە.

سەرۆکی ڕووسیا هەمیشە وتوویەتی مۆبایلی زیرەکی نیە، بەڵام پێسکۆڤ دەڵێت پوتن هەندێک جار ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG