Accessibility links

تاس: ئاڕاستە دژە ڕووسییەکەی ژاپۆن گفتوگۆکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن مەحاڵ دەکات


دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاندرێ ڕودینکۆوە بڵاویکردەوە " ئاڕاستە دژە ڕووسییەکەی " ژاپۆن گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی ئاشتی مەحاڵ دەکات.

جێی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا ژاپۆن و ڕووسیا بە فەڕمی کۆتایی هێنانیان بە دوژمنکارییەکانی جەنگی جیهانی دووەم ڕانەگەیاندووە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ململانێکانیان لەسەر چەند دوورگەیەک کە یەکێتی سۆڤیەت لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا دەستیبەسەردا گرتن، دوورگەکانی دەرەوەی هۆکایدۆی ژاپۆن لە باکوورەوە.

ڕووسیا دوورگەکان بە دوورگەکانی کوڕیڵس ناودەبات، لە ژاپۆنیش پێیان دەوترێت ناوچەکانی باکوور.

ڕودینکۆ لە چاوپێکەوتنێکدا بە تاسی وت " ئاشکرایە کە گفتوگۆکان مەحاڵن بۆ واژۆکردنی ئەو جۆرە ڕێککەوتنە " پەیماننامەی ئاشتی " لەگەڵ وڵاتێکدا کە بە ئاشکرا هەڵوێستی دژ بە ڕووسیای هەیە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دژی وڵاتەکەمان دەکات."

وتی " هیچ ئاماژەیەک نابینین لەسەر ئەوەی تۆکیۆ دووربکەوێتەوە لە ئاڕاستە دژ بە ڕووسییەکەی و هیچ هەوڵێک نابینین بۆ باشکردنی دۆخەکە."

لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا ڕووسیا لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ژاپۆن کشایەوە، ئەوەش دوابەدوای سزاکانی ژاپۆن بۆ سەر مۆسکۆ بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا. ژاپۆن بەو کارەی ڕووسیا توڕە بوو و وتی بڕیارەکەی مۆسکۆ " دادپەروەرانە نیە و بە تەواوەتی جێی قبوڵکردن نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG